لە كوردستان ساڵانە 449 هەزار تۆن شیر بەكاردەبرێ‌



ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ دەریدەخات ساڵانە لە هەرێمی كوردستان 449 هەزار تۆن شیر بەكاردەبرێ‌ كە نیوەی بەرهەمی ناوخۆیە، ئەگەر خەڵكی كوردستانیش بەشێوەی ستانداردی جیهانی شیر بەكاربهێنن، ئەوا لە ساڵی 2020دا 506 هەزار و 28 تۆن شیر بەكاردەبرێ‌.



بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 4 ملیۆن و 596 هەزار و 935 سەر ئاژەڵ لەكوردستان هەن، بەرهەمی ساڵانەیان لە شیر 226 هەزار و 128 تۆنە، بەڵام پێویستیی ساڵانەی كوردستان بۆ شیر 449 هەزار تۆنە، ئەگەر هەر تاكێك ساڵانە 82 لیتر شیر بخوات، لەساڵی 2020 دا پێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ 506 هەزار و 28 تۆن زیاد دەكات.  
 
رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت “لە كوردستان بەرهەمهێنانی شیر لە ئاستێكی لاوازدایە، چونكە جوتیاران هێشتا قۆناغی كلاسیكیان لە بەرهەمهێنانی شیر تێنەپەڕاندووە و گرفتی بەبازاڕكردنی بەرهەمیشیان هەیە”.



ژمارەیەك كارگەی بەرهەمهێنانی ئایسكرێم و ماست لە كوردستان هەن، بەڵام رەمەزان دەڵێت “زۆربەیان شیری وشك بەكاردەهێنن، بۆیە نەبوونەتە هۆكارێك بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ”.



بۆ گەشەپێدانی بەرهەمی شیر و بەرهەمەكانی دیكە، ماوەی چەند ساڵێكە دوو پڕۆژەی هاوچەرخی  بەخێوكردنی مانگا لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، زەوی و مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی، جێبەجێكردنی دوو پرۆژەكە خاوبووەتەوە و تاوەكو ئێستا بەرهەمیان نییە.