دانەغاز جارێکى تر داواى پارە لە هەرێم دەکات

کۆمپانیاى دانەغاز
کە بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (کرێنست پێترۆلیۆم، پێڕڵ پێترۆلیۆم)، هاوپەیمانێتى
کۆمپانیاکانیان دامەزراندووە، جارێکى دیکە داواى پارە لە هەرێم دەکاتەوە ئەمجارەش بە
پشتبەستن بە بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لەندەن
.

کۆمپانیاى دانەغاز
لە ماڵپەرى تایبەتى خۆى بڵاویکردۆتەوە، پێشتر دادگاى لەندەن بۆ ناوبژیوانى نێودەوڵەتى
لە بەروارى 11/27 بڕیارێکى پەسەندکرد کە حکومەتى هەرێم پابەنددەکات بەپێدانى بڕى
(1.981.951.322) ملیار دۆلار بە هاوپەیمانێتى کۆمپانیاکان لە ماوەى 28 رۆژدا
.

هاوکات، کۆمپانیای‌
دانەغاز لەگەڵ دوو کۆمپانیاکەى دیکەی بواری وزەدا چەند دۆسیەیەک لەدژی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌
کوردستان لەدادگا دەجوڵێننەوە، کە بەبردنەوەی ئەو دۆسیەیانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە،
دەبێت هەرێمی کوردستان (11) ملیار دۆلار وەک قەرەبووبدات، وەک مافى کۆمپانیاکانیان
لەهەردوو کێلگەى کۆرمۆر‌ و چەمچەماڵ کە بڕیارى یەکەمى دادگاى لە 30ى حوزەیرانى
2015ى لەسەر دەرچوە
.

کۆمپانیاکە ئاماژەشدەدات،
بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لەندەن، بڕیارێکى سەپێنراوە وپێویستە حکومەتى
هەرێم پابەندى جێبەجێکردنى بێت
.

بڕیاریشە دادگاى
ناوبژیوانى لەندەن لە دانیشتنەکانى ساڵى 2016یدا چاو بە داواکارییەکانى دیکەى هاوپەیمانى
کۆمپانیاکاندا بخشێنێتەوە، هەروەک بڕیاریش لەسەر داواکەى هەرێم دەدات کە داواى 3 ملیار
دۆلار قەرەبودەکاتەوە
.

لەساڵی 2007دا حکومەتی
هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گرێبەستێکی (25) ساڵییەوە مافی پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی
(کۆرمۆر‌ و چەمچەماڵ)ی بەهەردوو کۆمپانیای ئیماراتی دانەغاز‌ و کرێسنت پێترۆلیۆم بەخشى،
دواتریش دوو کۆمپانیای دیکە پشکی لە (10%)ی ئەو پڕۆژەیەیان پێدرا
.

 

ز.ر