جیاوازی نرخی سەوزە و میوە لە نێوان عەلوە و بازارەكانی شاری سلێمانی گلەییەكی زۆری هاوڵاتیانی لێ كەوتۆتەوە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیش رایدەگەیەنێت سزای ماددی و داخستنی ئەو شوێنانە دراون كە گران فرۆشی ئەكەن.
گران فرۆشتنی سەوزە و میوە لەلایەن دوكاندارەكانەوە و دانانی قازانجێكی زۆر لەسەر شمەكەكان، گلەییەكی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە، سۆران عەبدول غەفور بەڕێوەبەری چاودێرە بازرگانی سلێمانی لەو بارەیەوە وتی: لیژنەی تایبەتمان هەیە كە رۆژانە لە نرخی سەوزە و میوە ئاگادارمان دەكەنەوە و داواشمان لە قاتعەكانی عەلوە كردووە لەكاتی كڕین و فرۆشتنەكاندا پسوڵە بدەن بە دوكاندارەكان.
سەبارەت بە چاودێری بازاڕ و سزای سەرپێچی كاران سۆران عەبدول غەفور ئاماژەی بەوەكرد: بۆ ئاگاداربوونمان لە نرخ و سزادانی گرانفرۆشەكان، رۆژانە لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكانمی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانی سەرجەم بازارەكانی شاری سلێمانی دەكەین، هەر دوكاندارێك نرخی زیاتر وەربگرێت سزای دەدرێت هەر لە پسوڵەی سەرپێچی كردنەوە تا دەگات بە داخستنی شوێنەكەی.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە سزای هیچ بەقاڵێك دراوە وتی: هەندێ شوێن هەیە سەرەتا سزای ماددی دراون بەڵام شوێنی تر بەهۆی دووبارە كردنەوەی سەرپێچی گرانفرۆشیەكەی دووكانەكەیمان داخستووە، بەڵام دەستگێڕەكان بەهۆی نەدانی كرێی دوكان و ئاو كارەباوە نرخەكانیان هەرزانترە