لەدیدی ئێوەوە باشترین بەڕێوەبەرانی كار چ كەسانێكن؟ چۆن هەڵسوكەوتو مامەڵە دەكەن؟ چۆن پێناسە دەكرێنو بە چ شێوەیەك كار دەكەن؟
بۆ نمونە هەمومان “ستیف جۆبز” دەناسین، بێگومان ئەو یەكێك بو لەباشترین بەڕێوەبرانی كار لەجیهاندا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت بوترێت كە باشترین بەڕێوەبەرانی كار ئەوانەن كاری خۆیان بەباشی ئەنجام دەدەن. ئەوان دەتوانن بەسەر سەختیو تەنگەژەكانی ئابوریدا سەركەون.
ئەوان بەردەوام بەدوای مۆدیلی بیركردنەوەی نوێو رێگەی نوێدان بۆ ئەوەی كاریگەیان لەسەر كەشی كاركردن هەبێتو
روانینی ئێمە بۆ كاركردن بگۆڕن، بەرپرسیاریەتی مەترسیەكان لەئەستۆ دەگرنو سەركەوتوانە تێیدەپەڕێنن.
كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش لەنێوان باشترین بەڕێوەبەرەكانی جیهاندا هەن، كە هەموویان پەیڕەوی لەچەند رێساو نەریتێك دەكەن:
1/ بەدوای ناوبانگو خۆدەرخستندا ناگەڕێن
ناوبانگ دەرەنجامی سروشتی كارو رەفتاری باشترین بەڕێوەبەرانی ئابوری جیهانە. ئەوان پێیانخۆشە كە هەمووان بەرەزامەندیو دڵخۆشییەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەستنو هەست بەسەركەوتن بكەن. ئەوان بەمەبەستی سەرنجڕاكێشانی راگەیاندنەكان دەست نادەنە هیچ كارێك، بەڵكو هەمان ئەو كارە ئەنجام دەدەن كە پێویستە ئەنجامی بدەن.
2/ لەرەخنەو رەخنەگرتن ناترسن
باشترین بەڕێوەبەرانی كار لەجیهاندا هەمیشە هەوڵدەدەن باشترین بڕیار بدەن كە سوود بەهەردولای گفتوگۆكار بگەیەنێت. ئەوان بەردەوام سەرنجی تایبەتی لەبەرژەوەندیو پەیوەندی كڕیارانو كۆمپانیاكان دەدەن، ئەمە خاڵێكی گرنگە. دروست وەك ئەوەی كە ناوبانگ هیچ بایەخێكی نەبێت، رەخنەو دیدی پێچەوانەش پێویسن ناكات هێندە جێی بایەخ بێت. هەمیشە كەسانێك هەن كە رەخنە دەگرنو بیروبۆچونیان بەبێ رەچاوكردنی هەلومەرجەكان بەشێوەی نابەجێ دەخەنەڕوو، بەڵام ئەم دیدو رەخنانە بەڕێوەبەرانی دەستەبژێر ناڕەحەتو دڵسارد ناكات، سەركردەكانی ئابوری جیهان بەئاسانی دەتوانن رەخنەی تەندروست لەرەخنەی ناتەندروست جودا بكەنەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەست بەكار دەكەن. تەنانەت دەتوان سوود لەم رەخنانە وەربگرن بەئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانیان.
3/ باوەڕیان بەسۆپەر ستار نییە
دروست هەروەك چۆن ئەم بەڕێوەبەرانە خۆیان بەبنەماو شاڕەگی چالاكییە ئابورییەكان نازانن، بەهەمانشێوە مۆڵەت نادەن كە هیچ كەسێك خۆی بەو شێوەیە دەربخات. بەلای بەڕێوەبەرانی دەستەبژێرەوە هیچ قارەمانێك لەتیمی كاركردندا بوونی نییەو هەموو شتێك بەكاری پێكەوەییو گروپو هاوكاری بەكۆمەڵا بەدەستدێت. نابێت كەس ئەو خاڵە لەبیر بكات كە هەموو سەركەوتنەكان هی تیمە، هەروەك چۆن هەموو شكستەكانیش هەر هی هەموو تیمەكەیە.
4/ خۆیان بەئەندامی گروپێك دەزانن
بەڕێوەبەرانی دەستەبژێر كەسانێك نین كە بەئاسانی فەرمان بدەن یان رێسا دابڕێژن. ئەوان تەواو شەفافو رۆشنبینن لەبەرامبەر ئەو كەسانەی كە كاریان لەگەڵا دەكەن. ئەوان خۆیان ئەندامی گروپێكن، كەواتە بەباشی تێدەگەن كە پێویستە سەرنجی تایبەت لەجێبەجێكردنی رێساو یاسای گروپەكە بدەنو خۆیان بەوەڵامدەرەوەی ئەندامانی گروپەكە بزانن لەكارمەندانی خوارەوە تا دەگات بەكارمەندانی سەرەوە. باشترین بەڕێوەبەرانی كار لەجیهاندا ئەوانەن كە بەچاوی یەكسان سەیری هەموو ئەندامانی گروپەكە دەكەن.
5/ گرفتەكان بەشێوەی ریشەیی چارەسەر دەكەن
ئەم جۆرە بەڕێوەبەرانە كاتێك دەبینن كە راوەستانێك یان كەموكورتییەك یان گرفتێك لەپرۆسەی كاركردندا هاتوەتە پێش، ئەوكاتە بەئەركی خۆیانی دەزانن گرفتەكە چارەسەر بكەن، وەك گرفتی بەرهەمی خراپو كارمەندانی بێ كەڵكو…هتد پێویستە گرفتو كەموكورتییەكە هەرچییەك بێت بەڕێوەبەران بەشێوەیەك چارەسەری بكەن كە ئەندامانی گروپەكە بەباشی بتوانن درێژە بەكاری خۆیان بدەنو كەموكورتی لەهەرمەرجی كاریاندا دروست نەكات.
6/ زیاتر پرسیار دەكات لەوەی وەڵامبداتەوە
بەڕێوەبەرانی كاریگەر ئەوانەن كە بەدوای تێگەیشتنەوەن نەك خەڵكی تر تێیگەیەنن. بەڕێوەبەرانی كاراو كارامە خوازیارن بزانن هەلومەرجی كاركردن لەچیدایە، لەواقیعدا دەیانەوێت زانستو زانیاری خۆیان پێشبخەن. لەئەنجامدا ئەوان زیاتر حەز بەوە دەكەن پرسیار بكەن وەك لەوەی بیانەوێ وەڵامی پرسیاری خەڵكانی تر بدەنەوە یان خۆیان لەراگەیاندنەكاندا نمایش بكەن، پرسیار كردنو گوێگرتن یەكێكە لەگرنگترین ئامڕازەكانی بەڕێوەبەرانی كار لەسەرتاسەری جیهاندا.
7/ توانای پێشبینی كردنیان هەیە
بەرچاورونیو توانای پێویستی نوێگەریو پێشبینی كردن یەكێكە لەخەسڵەتە دیارەكانی بەڕێوەبەران، بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە گروپەكە رێنمایی دەكات بەرەو نوێگەریو سەردەمیانە. چونكە باش دەزانن هەر ئەم تواناو چاوكراوەییەیە كە داهێنانی دروستكردووە لەجیهانی كاردا.