سوپا سالاری عێراق جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، بارگرژییه‌كانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی لێناكه‌وێته‌وه.
سایتی سۆمه‌ریه‌نیوز بڵاویكرده‌وه،كە دوێنێ فه‌ریق ڕوكن (بابه‌كر زێباری) له‌په‌راوێزی دیدارێكی له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌د ته‌قی موده‌رسی) یه‌كێك له‌مه‌رجه‌عی شیعه‌كان، له‌شاری نه‌جه‌ف ڕایگه‌یاندووه، ئه‌وان نیگه‌ران نین‌و ترسیان نییه له‌ڕوودانی جه‌نگ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی عێراق له‌ناوچه دابڕێنراوه‌كان، وتیشی:”كێشه‌كه له‌ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه چاره‌سه‌رده‌كرێت‌و كار ناگاته به‌كارهێنانی هێز”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌مڕۆ (نوری مالكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشنیازیكرد، هێزێكی ئه‌منیی له‌ناوچه دابڕێنراوه‌كان پێكبهێنرێت، كه پێكبێت له‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌و به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێت.