حکومەتی عێراق دژی پێشنیارەکەی ریازە

 
دوابەدوای پێشنیارەکەی عەرەبستانی سعودییە لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک.
حکومەتی عێراق جەختیکردەوە لەوەی لەسەر پلانی خۆی لەبارەی بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوام دەبێت و دژی پێشنیارەکەی ریازە.
 
لەمبارەیەوە عادل عەبدولمەھدی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: عێراق لەگەڵ پێشنیارەکەی سعودییە نییە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک و بۆئەو مەبەستەش عێراق پابەند دەبێت بە پلانی تایبەتی خۆی لەبارەی بەرھەمھێنانی نەوت.
 
لەلایەن خۆشییەوە، عاسم جیھاد وتەبێژی نەوتی عێراق رایگەیاند: عێراق لە ئێستادا دەیەوێت قەرەبووی کەمیی بەرھەمھێنانی نەوت بکاتەوە لە ساڵانی رابردووداو بۆئەو مەبەستەش پابەند نابێت بە پێشنیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان.
 
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای ئێنەرژی ئەنتلیگنس-ی تایبەت بە بواری پترۆڵ، عەرەبستانی سعودییە بەنیازە پێشنیارێک بخاتەڕوو، بە ئامانجی ھاوسەنگیی کردن لە بازاڕەکانی نەوت لە جیھانداو بەپێی پێشنیارەکەی حکومەتی ریاز، پێویستە لەسەر وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت کە ئەندامن لە رێکخراوی ئۆپیک، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە ساڵی داھاتوودا بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکەنەوە.
 
ز.ر