قائیمقامییەتى سلێمانى لە رێگەى لیژنەى کۆگاکانەوە چاودێرى وردى هەموو کۆگاکانى سنورى شارى سلێمانى دەکات و بەپێى راپۆرتى لیژنەکەش لەماوەى 11 مانگى ڕابردوو دا تەنها یەک شوێن رووبەرووى دادگا کراوەتەوە.
لەو بارەیەوە دیار کەمال سەرۆکى لیژنەى کۆگاکانى سەر بە لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتى سلێمانى ڕایگەیاند لە 1-1 بۆ 1-11-2015 لیژنەکەیان سەردانى 1364 کۆگاى سنورى شارى سلێمانى کردووە ، لە کۆى ئەو سەردانانەشدا پسوڵەى سەرپێچى بۆ 167 شوێن کراوە لەو رێژەیەش 15 شوێن بەهۆى پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکانەوە داخراون.
سەرۆکى لیژنەکە ئاماژەى بەوەشکرد لە درێژەى بەدواداچوونەکانیشیاندا لە لایەن لیژنەکەیانەوە دەست گیراوە بەسەر برى زیاتر لە 60 تۆن مەواد و کەرەستەى خراپ بوودا .
دیار کەمال ئەوەشى خستەروو لە ماوەى 11 مانگى رابردوودا تەنها 1 شوێن رووبەرووى دادگا کراوەتەوە، هۆکارى ئەوەشى گەراندەوە بۆ پابەندبوونى کۆگاکانى سنورى شارى سلێمانى بە مەرج و رێنماییەکانەوە.
بە پێى رێنماییەکانى لیژنەى کۆگاکان هەر شوێنێک پابەند نەبێت بە مەرج و رێنماییەکانەوە رووبەرووى سزاى ماددى دەکرێتەوە لە ئەگەرى دووبارە بوونەوەى سەرپێچییەکانیشدا مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.