سلێمانی: دەست بەسەر بڕێك جگەری قەدەغەكراودا دەگیرێت

 
لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە لە گەڕەكێكی شاری سلێمانی  دەست بەسەر بڕێك جگەری قەدەغەكراودا دەگیرێت و نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵا ڕایدەگەیەنێت خاوەنەكەی ڕووبەڕووی یاسا ئەكەینەوە.

ئازاد نەبی نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاگادار كراینەوە كە لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی جگەری مریشكی هاوردە كراوی (بەرازیلی و ئێرانی) قەدەغەكراو لەلایەن بازرگانێكەوە بە عەرەبانە و دەستگێڕەكان دەفرۆشرێت.

ئازاد نەبی هۆكاری قەدەغەكردنەكەی بۆ ئەوەگەڕاندەوە كە: بەهۆی ئەوەی جگەر لە ماوەیەكی كەمدا بەسەر ئەچێت و چەند جارێك لە بەفرگردا ئەیبەستێت و ئەتوێتەوە، زیانی بۆسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە، لەبەر ئەوە هاوردەكردن و فرۆشتنی جگەری مریشك قەدەغەكراوە.

نوێنەرەكەی تەندروستی وتیشی: لیژنەی باڵا بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەستی بەسەر چل و پێنج كلیۆ جگەردا گرتووە و خاوەنەكەی رووبەڕووی یاسا ئەكەینەوە، جگەرە دەست بەسەردا گیراوەكە ڕەوانەی ڤێتەرنەری سلێمانی كراوە بۆ لەناوبردنی.
 
جێی ئاماژە بۆ كردنە بەپێی رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێتەرنەری و سامانی ئاژەڵ لە ساڵی 2007ەوە هاوردەكردنی جگەری بەستوو قەدەغەكراوە، و لە بەرواری 1/12 ی ئەمساڵیشەوە بەكارهێنانی جگەری هاوردەكراو لەخواردنگە و چێشتخانەكاندا قەدەغەیە و تەنها بەكارهێنانی جگەری مریشكی خۆماڵی رێگە پێدراوە بەمەرجێك پسوڵەی كوشتارگە و فرۆشگاكەی لەسەربێت، بەڵام بە هیچ جۆرێك ڕێگە بە عەرەبانە و دەستگێڕەكان نادرێت جگەری ناوخۆیی و هاوردە بەكاربهێنن و بیفرۆشن .