عێراق گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی رادەگرێت

بەهۆی هێرشە موشەكییەكانی روسیا بۆسەر چەكدارانی داعش لە سوریا دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی ئەمڕۆ دوشەممە بڕیاریدا بە راگرتنی گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆماوەی دوو رۆژ.

لەبەیاننامەیەكدا دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاندوە: بەهۆی تێپەڕبوونی موشەكی روسی بە ئاسمانی باكوری عێراقدا كە لەدەریای قەزوینەوە ئاراستەی سوریا دەكرێت، هێڵی ئاسمانی عێراق بڕیاریداوە بۆماوەی 48 كاتژمێر گەشتەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی رابگرێت.

لەبارەی ئەو بڕیارەوە تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: لەبڕیارەكەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق ئاگاداركراونەتەوەو راگرتنی گەشتەكان كاتییەو لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە سەرجەم گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی راگیراون و دوای 48 كاتژمێر گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە.
 
 
 
سەرچاوە: knn