لەماوەى 10 مانگدا 282 شوێن رووبەڕووى سزا کراونەتەوە

 
قائیمقامیەتى سلێمانى ئامارى لیژنەى (2) سەر بە لیژنەهاوبەشەکان بڵادەکاتەوە کە بەپێى ئامارەکە لە ماوەى 10 مانگى رابردوودا لیژنەکە هەزار و 521 شوێنى بەسەرکردووەتەوە و لەو ژمارەیەش چەندین شوێن بەهۆى سەرپێچیەوە رووبەڕووى سزاى دارایى و داخستن کراونەتەوە،
لە ئامارەکەدا هاتووە لیژنەى 2 یەکێکە لە لیژنەهاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى و لە ماوەى 10 مانگى رابردوودا لە 1-1-2015 بۆ 31-10-2015، لیژنەکە  سەردانى هەزار و 521 شوێنى کردووە و لە ئەنجامى بەدواداچونى پشکنینەکانیشدا بەهۆى کەموکورتى و وەک پێویست پابەند نەبونیان بە مەرج و رێنماییەکانەوە (282) شوێن پسوڵەى سەرپێچیان بۆ کراوە  و بەشێک لەوانەش بەهۆى جۆرى سەرپێچییەکانیانەوە رووبەڕووى سزاى دارایى کراونەتەوە،
هاوڕێ محەمەد سەرۆکى لیژنەى 2 سەربە لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى رایگەیاند کارى لیژنەکەیان بەدواداچونە بۆ ناوبازاڕ و هەموو مارکێت و رێستۆرانت و دووکانەکانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى و بەدواداچونە بۆ چۆنیەتى جێبەجێ کردنى مەرج و رێنماییەکات ، ووتیشى لەماوەى 10 مانکى رابردوودا 1521 شوێنیان بەسەر کردووەتەوە و لە ئەنجامى گەڕان و پشکنینەکانیان 282 شوێن بەهۆى پابەند نەبونیانەوە رووبەڕووى سزا کراونەتەوە و 12 شوێنیش بەهۆى جۆرى سەر پێچیەکەیانەوە داخراون ، 
سەرۆکى لیژنەى 2 راشیگەیاند لە ماوەى ئەو دە مانگەدا هیچ شوێنێک رووبەڕووى دادگا نەکراوەتەوە ئەوەى گەڕاندەوە بۆ کەمبوونەوەى جۆرى سەر پێچیەکان و پابەند بوونى بەشێکى زۆرى شوێنەکان بە مەرج و رێنمایییەکانەوە.