وه‌زیری‌ دارایی‌ هه‌رێم: له‌ هه‌وڵداین پێش جه‌ژن موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بده‌ین

وه‌زیری دارایی ‌و ئابوری حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، په‌یوه‌ندی به‌به‌غداوه‌ هه‌یه‌، وتیشی، له‌هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیدان بۆ ئه‌وه‌ی پێش جه‌ژنی قوربان سه‌رجه‌م موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومی‌ له‌هه‌رێمدا دابه‌شبكرێت.
بایز تاڵه‌بانی‌ بۆ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ناوخۆ باسی‌ له‌وه‌كردوه‌، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌ له‌به‌غداوه‌ دێت، به‌ سێ قیست مانگانه‌ ده‌درێت، به‌ڵام له‌ ئه‌م مانگه‌ قیسته‌كان دواكه‌وتون. 
وتیشی:”له‌ئێستادا له‌هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌زوترین كات بگاته‌ هه‌رێم و دابه‌ش بكرێت.
هه‌رچه‌نده‌ پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی ‌و ئابوری حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، پێش جه‌ژنی قوربان موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌شێكی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت و خانه‌نیشنكراوه‌كان موچه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا، چه‌ند خۆپیشاندانێك سازكرا.