لەماوەی 11 مانگدا زیاتر لە هەزار كارگەی بیناسازی بەسەر كراوەتەوە

 
لەماوەی نزیكەی سالێكدا لیژنەی كەرەستەی بیناسازی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی زیاتر لە هەزار كارگەی بیناسازی بەسەردەكەنەوە و بەدواداچون بۆ بونی مەرج و رێنمایییەكان دەكەن .

بەپێی ئامارێك لە 1-1-2015, تا مانگی 11 لیژنەكە هەزارو 111 كەسارەو كارگەی كەرەستەی بیناسازی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەسەر كردووەتەوە و لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچونەكانیان بەهۆی پابەند نەبون بە مەرج و رێنماییەكانەوە پسوڵەی سەرپێچیان بۆ (30) شوێن كردووە و (3) شوێنیش بەهۆی بوونی كەموكورتیەوە ئاگادار كراونەتەوە  كەپابەند بن بە مەرج و رێنماییەكانەوە .

هەردی حەمە رەشید سەرۆكی لیژنەی كەرەستەی بیناسازی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە جۆر و كوالیتی ئەو مەوادانەی كە لە كارگەكانی بیناسازیدا بەرهەمدەهێندرێت لیژنەكەیان رۆژانە كارگەكانی كەرەستەی بیناسازی بەسەردەكاتەوە و بەدواداچونی وورد بۆ بونی مەرج و رێنماییەكان دەكات.

وتیشی لەماوەی 11 مانگی رابردوودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەزارو 111 كەسارەو كارگەی كەرەستەی بیناسازیان بەسەركردووەتەوە و ئەو شوێنانەی پابەند نەبوون رووبەڕووی سزای دارایی كراونەتەوە  كەكۆی  بڕی پارەی غەرامەكرا لەو ماوەیەدا ( چوار میلۆن و پێنج سەد هەزار دیار) بووە و ئەو شوێنانەش كەموكورتیان هەبووە ئاگاداركراونەتەوە لەماوەیەكی دیاری كراودا پابەند بن بە مەرج و رێنماییەكانەوە .

سەرۆكی لیژنەی كەرەستەی بیناسازی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەماوەوەی یانزە مانگی رابردوودا هیچ كارگەیەكیان دانەخستووە و هاوكات هیچ شوێنێكیش رووبەڕووی دادگا نەكراوەتەوە هۆكاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ پابەندن بوونی زۆرینەی كارگەكانی بیناسازی بە جێبەجێ كردنی زۆربەی مەرج و رێنماییەكانەوە.