لەكۆی دە خاوەنكار هەشتیان لەسەرەتاو دەستپێكی پڕۆژەكانیاندا شكستدەهێنن، بەپێی ئەو راپرسییەی ئاژانسی “بلۆمبۆرگ”ی ئەمەریكی ئەنجامیداوە.
هۆكاری شكستەكان بەپێی شارەزایانی بواری ئابوریو بەڕێوەبەرانی پڕۆژەكانو خاوەنكاران، 7 هۆكاری سەرەكین:
1/ قەبارەی بازاڕ
باش بكەرەوە ئەگەر كاڵاو بەرهەمەكانت پێشوازییەكی كەمی لێبكرێت بەهۆی بچوكی بازاڕەوە، زۆر ناخایانێت تێدەگەیت شكستدەهێنیت، دەبێت بزانیت ئەوەی بەرهەمیدەهێنیت كڕیاری بەردەوامی هەیە، دەنا كارەكەت ئاقیبەتی باسی نابێت.
2/ تەواوكاریی نەكردن
دوای هەستانی تیمی تەكنیككاران بەدیزاینو جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، بۆیان دەردەكەوێت كە توانای ماركێتینیان زۆر لاوازەو ناتوانن باوەڕ بەكڕیار بهێنن كە كاڵاكەیان باشو جێی بایەخپێدانە، هەندێك لەخاوەنكاران پێیانباشە كە خۆیان بەتەنها پڕۆژەكە دامەزرێننو وا دەزانن دەتوانن بەتەنها هەموو شتێك بكەن، بەڵام سەرەنجام شكست دەهێنن. هەندێكیش تیمێكی كار دروستدەكەن كە یەك جۆر پسپۆڕییان هەیەو بیر لەكۆكردنەوەی شارەزایی جۆراوجۆر ناكەنەوە، بەتایبەتی لەبواری ماركێتیندا بۆ ئەوەی تەواوكاریی لەنێوان كارامەییەكاندا رەچاو بكرێت.
هەڵەی كوشندەی زۆرێك لەپڕۆژەكان ئەوەیە كە پێشوەخت بیر لەداڕشتنی ستراتیجیەتی ماركێتین ناكەنەوەو دوایدەخەن بۆ پاش بەرهەمهێنانی كاڵاكەیان، ئەمە دەیانخاتە تەنگەژەوە، چونكە ئەگەری ئەوە بەهێزە پێشوازی لێنەكرێت، لەبەرئەوەی پێش بەرهەمهێنانی بەباشی ماركێتینی بۆ نەكراوە.
3/ كێبڕكێی توند
پێویستە خاوەنكار لەسەرەتای جێبەجێكردنی بیرۆكەی پڕۆژەكانیاندا، قەبارەی خواستو داواكاری رەچاو بكات، چونكە بازاڕ پڕە لەكێبڕكێ، دەنا پشتگوێ خستنی كێبڕكێ خەونی خاوەنكار لەناودەبات، بەتایبەتی كێبڕكێكردن لەنرخو شارەزایی لەئیدارەكردندا.
شارەزایی لەئیدارەكردندا مەرجی هەرە گرنگی سەركەوتنی هەموو پڕۆژەیەكە، زۆرجار نەبونی چوارچێوەیەكی رون بۆ ئیدارە كردن، دەبێتە هۆی دەركەوتنی ململانێ لەمانگەكانی یەكەمی كاركردندا، ئەمە ئافاتێكی گەورەیە كە پڕۆژەكان لەبەریەك هەڵدەوەشێنێتەوە بەخێرایی.
ململانێی ئیداریی دروست دەبێت بەهۆی ناكارامەیییەوە لەئیدارەكردندا كە ئیتر وادەكات خاوەنكار كاتێكی زۆری بۆ چارەسەركردنی گرفتی نێوان كارمەندەكانی تەرخان بكاتو نەپەرژێتە سەر ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێزیان لەنێواندا دروست بكاتو كارامەییان بەباشیو دروستی بەكاربهێنێت.
4/ سەركەوتنی ساختە
هەندێك لەخاوەنكاران وا تێدەگەن كە توانیان لایەنە پەیوەندیدارەكان بەسپۆنسەر كردنی پڕۆژەكانیانو قەرزی بانكی رازی بكەن ئەوا سەركەوتنی پڕۆژەكانیان دەستبەر كردوە. بی ئاگا لەوەی كە كەوتونەتە تەڵەی بانكەكانەوە. بەشێكیان 50% ئەو پارەیەی قەرزی دەكەن لەبانكەكان لەدابینكردنی نوسینگەیەكی گەورەو كڕینی چەندین دەزگای گرانبەهاو دامەزراندنی چەند كارمەندێكدا خەرجی دەكەن بەبێ ئەوەی گوێ بەئامۆژگاری قەرزبەخش بدەنو دواتر هەستدەكەن سەرپێخستنو پێشخستنی پڕۆژەكەیان پێویستی بەپارەی زیاترە.
5/ توندڕەویی لەفراوانبونەوەی ئاسۆییدا
زۆرجار لەبری ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع گەشە بكەن، بیر لەزیادكردنی ژمارەی لایكەكانی پەیجەكەیانو سەردانكەری وێبسایتەكەیان دەكەنەوە، بەبی ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە لەكاتێكی گونجاودا بیانكەن بەكڕیاری خۆیانو سوودیان لێدەستكەوێت. ئەو پڕۆژانەی بەشێوەی ئاسۆیی فراوان دەبنەوە خێرا پارەیان بەدەستەوە نامێنێت، زۆربەیان سەرمایەیان سنوردارەو ناتوانن بەردەوام بن.
6/ پشكدار كردن
كارتی پشك دەفرۆشن وەك ئامڕازێك بۆ پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژەكەیان، وا دەزانن كە پڕۆژەكەیان قازانجێكی خێرا دەكاتو دەتوانێت خەرجییەكانی دابین بكات، بەڵام دواتر تێدەگەن كە چەند قەرزیان لەسەر كەڵەكە بووەو زەحمەتە بتوانن لێی دەرباز بن، ئەمەش بارێكی تر دەخاتە ئەستۆی پڕۆژەكەیان.
7/ بیرۆكە دزین
لاسایی كردنەوەی بیرۆكەكان گرفتێكە روبەرووی خاوەنكاران دەبێتەوە، بەتایبەتی بەرلەوەی بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوەو روناكی ببینێت، دەبێت بەوریاییەوە بیرۆكەی پڕۆژەكەت جێبەجێ بكەیت، بەرلەوەی خەڵكی تر بیدزنەوەو پێش تۆ بەئەنجامی بگەیەنن.