راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاشكرایدەكات كە عێراق لە گەندەڵیدا لە رێزبەندی نۆیەم وڵاتی جیهاندایە.
گروپی ئابوری نێودەوڵەتی كە هەموو ساڵێك ئاستی وڵاتانی جیهان لەڕووی گەندەڵی داراییو ئابورییەوە دەخاتەڕوو، راپۆرتی ساڵی (2015)ی بڵاوكردەوە كە (160) وڵاتی جیهان لەخۆدەگرتووە و عیراقیش لە پلەی (9) نۆیەمی گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە.
ئەم راپۆرتە لەسەربنەمای (16) پرۆژەی لێكۆڵینەوە لەلایەن (10) ناوەندی نێودەوڵەتییەوە ئامادەكراوە، تیایدا هاتووە:” وڵاتانی عیراق، ئەندەنۆسیا، پاكستان، ئەنگۆلا، نێجیریا، هایتی، میانمار ، توركمانستان ، بانگلادیش و چاد لە ڕیزی دەیەمین وڵاتی پڕ لە گەندەڵی جیهاندان كە كەمترین خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیان و زۆرترین ڕێژەی گەندەڵی حكومڕانیان هەیە.”
هەروەها ڕاپۆرتەكە دەربارەی ئەو (10) وڵاتەی كەمترین گەندەڵیان هەیە، ئاشكرای كردووە:” وڵاتانی ئیسلەندا ، فیلەندا، نیوزلەندا، دانیمارك، سەنگافورە، سوید، سویسرا، نەرویج، ئوسترالیا و نەمسا بریتین لە وڵاتە خاوێنەكانی جیهان كە زۆرترین شەفافییەت و خزمەتگوزاریی و كەمترین گەندەڵیان لە سیستەمی حكومڕانیدا هەیە”.