سلێمانی: چەند بڕیارێكی نوێ لە بارەی پێدانی مۆڵەتی پیشەییەوە دەدرێت

 
لە شاری سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ لە بارەی پێدانی مۆڵەتی پیشەیی بە (چێشتخانەو رێستۆرانت و خواردنگە میلییەكان) دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و قائیمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت مەبەست لە بڕیارەكە بۆ رێكخستنی شێوازی پێدانی مۆڵەت و كارئاسانی كردنە بۆ ئەو خاوەن كارانەی كە دەیانەوێت مۆڵەتی پیشەیی كاركردن بەدەست بهێنن .

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ (نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت) بەختیار عەبدولڕەحمان قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاند مەبەستیانە پێداچونەوە و گۆڕانكاری لە شێوازی پێدانی مۆڵەتی پیشەیی (چێشتخانەو رێستۆرانت و خواردنگە میلییەكان) دا بكرێت و لە بەرژەوەندی خاوەن كار و دامەودەزگاكانی حكومەتدا دووبارە رێكبخرێنەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا پاش تاوتوێ كردنی گونجاوترین رێگە بۆ پێدانی مۆڵەتی پیشەیی بە هەموو ئەو شوێنانە بڕیاردرا هەموو خاوەن كارەكان لەسەرتادا  لە قائیمقامیەتی سلێمانیەوە داوا پێشكەش بكەن و پاش دەربڕینی رەزامەندی لەسەر پێدانی مۆڵەتەكە دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی تر بكەن .

هەروەها بڕیاردرا هەموو ئەو شوێنانەی كە تا ئێستا مۆڵەتی كاركردنیان نیە ئاگادار بكرێنەوە لە ماوەیەكی دیاری كراودا مۆڵەتی كاركردن بەدەست بهێنن ,لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە كاركردنی هیچ شوێنێك نەدرێت  تا ئەو كاتەی مۆڵەتی رەسمی كاركردن بەدەست دەهێنێت .

لە بارەی بڕیارە نوێكانەوە قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند مەبەست لەم هەنگاوانە بۆ رێكخستنی شێوازی پێدانی مۆڵەت و هەروەهاپێشكەش كردنی كارئاسانیە بۆ ئەو خاوەن كارانەی كە دەیانەوێت مۆڵەتی پیشەیی كاركردن بەدەست بهێنن چونكە پێشتر هەندێك جار لەكاتی دەرهێنانی مۆڵەتدا دووچاری گرفت و ئاستەنگ دەبونەوە.