وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 83 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردوەو ئاشكراشیكردوە بە بەراورد بە مانگی ئەیلول، بڕی هەنادەكردنی نەوت كەمی كردوە.
لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: بڕی هەناردەكراوی نەوت لەمانگی رابردودا، 83 ملیۆن و 935 هەزار بەرمیل نەوت بوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش كردوە، داهاتی ئەو بڕە نەوتە، زیاتر لە سێ ملیار و 320 ملیۆن دۆلار بوە.
هاوكات، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕایگەیاندوە، هۆكار دابەزینی ئاستی هەناردەكردنی نەوت، دەگەرێتەوە بۆ خراپیی كەشوهەوا لە باشووری عێراق كە بوەتە هۆی دروستكردنی ئاستەنگی بۆ پرۆسەی باركردنی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان، جگەلەوەش هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەتەواوەتی ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆی پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێكەوتنی نەوت و هەناردەنەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.