كەرتی گەشتیاریی لەهەرێمی وردستاندا ئەوەندە بەهێز نەبوە، هەرچەندە لەساڵانی رابردوودا هەوڵێكی شێلگیرانە هەبووە بۆ ئەوەی پێشكەوێت، بەڵام بەرۆك پێگرتنی شەڕی داعشو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەكوردستان گەورەترین كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیاریی هەبووە، سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت “لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا 100 میوانخانە داخراون”.
سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان “هێرش ئەحمەد چاوشین” بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە “قەیرانی داراییو شەڕی سەپێنراوی داعش بەسەر هەرێمی كوردستاندا راستەوخو كاردانەوەیەكی زۆر خراپو نەرێنی لەسەر كەرتی گەشتوگوزار هەبووە، ئەو وتی “بەراورد بەساڵانی پێش شەڕی داعشو قەیرانی دارایی رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان زۆر زۆر كەمی كردووە، ئەمەش بەبێ بازاڕی زۆربەی هەرە ززۆری میوانخانەو چێشتخانەكانەوە دیارە”.
وتیشی “لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ میوانخانە داخراون لەبەر نەهاتنی گەشتیار، ئەو میوانخانانەی كە داشیاننەخستووە بەڕێژەی ٨٠٪ كاریان كەمی كردووە، ٦٠٪ی كارمەندانی ئەو میوانخانانەش نێردراونەتە ماڵەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەهەزاران كەس بێكار بن”.
ئەو جەغتی لەسەر ئەوە كردوە لەنەهاتنی گەشتیاردا بۆ هەرێمی كوردستان كەرتی گەشتیاری بەگشتی زیان دەكات، بەڵام زیانمەندی یەكەم لەئاستی كوردستان میوانخانەكانن.
سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكان داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە رێگاچارەیەك بدۆزێتەوەو پلانێكی تۆكمە دابنێت بۆ بوژاندنەوەی ئەم كەرتە چونكە لەئێستادا ئەم كەرتە بەرەو داڕوخان دەچێت، ئەو وتی “ئەركی حكومەتی هەرێمە كە رێگە لەشكستو داڕوخانی ئەم كەرتە بگرێت، چونكە كە داڕوخا ئیتر هەستانەوەی ئەستەمە”.
ناوبراو وێڕای جەغت كردنەوەی لەسەر ئەوەی كە پێویستە حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆر زیاتر بدات بەناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، كە خاوەنی زۆر شوێنی دڵڕفێنو جوانو سەرنجڕاكێشە بۆ ئەوەی گەشتیاران رووی تێبكەن، لەهەمانكاتیشدا سەبارەت بەچۆنیەتی دۆزینەوەی ریگەچارەیەك بو بەردەوامیی كاری میوانخانەكانو دانەخستنیان، ئەو وتی “داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە كە گەشتیارو ئاوارە لەیەكتر جیابكاتەوە، هاتنی گەشتیار ڤیزای گەشتیاری پێبدریت لەبازگەو فڕۆكەخانەكاندا، چونكە ئێستا وامان لێهاتووە لەبازگەكاندا گەشتیار ناتوانن بێنە ژورەوە بەهوی شەڕی داعشەوە”.
وتیشی “پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن گەشتیار لەخواروی عێراقەوە بێنە هەرێمی كوردستان، چونكە ٨٥٪ی گەشتیاران لەخوارووی عێراقەوە دەهاتنە كوردستان”.