بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لەشاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە نەتوانراوە خوێندنەوەیەكی ئابوریانە بۆ كەرتی بازرگانیو وەبەرهێنان بكرێت بۆیە ئێستا حكومەت باجی ئەوە دەداتو ترسی لەوەش هەیە كوردستان ببیتە یۆنانی دووەم، ئەو دەڵێت “لەسلێمانی لەهەر سێ كۆمپانیادا دووانیان بێكارن”.
سۆران ئەحمەد ئیسماعیل بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەسلیمانی رایگەیاند كە زۆربەی كۆمپانیاكان شكستیان هێناوەو توشی كێشە بون، ئەو وتی “زیاتر لە٧٠٪ی كۆمپانیاكان بێكارن، ئەوانەی كاریشیان هەیە توشی كێشە بون لەم قەیرانی داراییەدا”.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات كە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەراورد بەساڵی ٢٠١٣ نیواو نیو تۆماركردنی كۆمپانیاو كارو چالاكیەكانی كۆمپانیاكان كەمی كردووە بەهوی قەیرانەكەوە، ئەو وتی “لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە قەیرانەكە تۆختر بوەتەوە، ئەمەش كاری كردوەتە سەر بێكار بونی كۆمپانیاكانو ناردنەوەی كارمەندانو بێكار بونیانو زیادبونی رێژەی بێكاری”.
وتیشی “كەرتی تایبەت توشی شكستو زیانیكی تەواو بووە، هوكارەكەشی خوێندنەوەی نادروستی رابردوە لەبواری وەبەرهێناندا چونكە وادەزانرا بەخشینی سەروەتو سامانی دەوڵەتو تەخشانو پەخشانكردنی وڵات دەبوژیتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2015 سیاسەتێكی ئابوری دروستو تەندروست پەیڕەو نەكراوە، دەرەنجامی ئەمەش ئەوەیە كە نەك كەرتی تایبەت گەشەی نەكردوە بەڵكو ئێستا توشی شكست بوەو خەریكە بەرەو داڕوخانی تەواو دەچێت، ئەو وتی “ئێستا لەلایەكەوە دەوڵەت مایەپوچ بوەو لەلایەكی دیكەشەوە كەرتی تایبەت كاری نەماوە، نەدەوڵەت ئەو توانایەی ماوە بێت پڕۆژەی گەورەو بەڵێندەرایەتی بدات بەكەرتی تایبەت، نەكەرتی تایبەتیش گەشەی كردوە، بەڵكو بەشێكی زۆریان تەنها پڕۆژەیان جێبەجێ كردووەو پارەیان دەستكەوتووە”.
بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان ترسی خوی نەشاردەوە لەوەی كە كوردستان نەبێت بەیۆنانی دوەمو توشی مایەپوچ بونو داڕوخانی گەورە نەبێت، چونكە دەوڵەت قەرزارەو داهاتیشی بەرەو كەمی رۆشتووەو هیچ پلانو بەرنامەو بەرچاوڕونییەكی نییە بۆ قۆناغی داهاتوو.
سۆران رەخنەی توندی لەشێوەی وەبەرهێنانی بیانیو كەرتی بیناسازی گرت لەهەرێمی كوردستاندا كە نەیانتوانیوە خزمەتێكی راستەقینە بەبوژانەوەی ئابوری كوردستان بكەن.
ئەو وتی “وەبەرهێنانی بیانیو كەرتی بیناسازی بیانی بەشێكە لەتێكدانی ئابوری ئەم وڵاتە كە بەناوی وەبەرهێنانو بەشداریكردن لەبوژاندنەوەو ئاوەدانكردنەوەوە ئەنجامدراوە”.
وتیشی “دروستكردنی باڵەخانەو چەند مۆلو سەنتەرێك گەشەكردنی ئابوری نیە، بڕواننە ئەنجامی ئەم سیاسەتە كە لەئێستادا بەهەزاران كەس بێكارن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا كە باج وەرنەگرتنو بەخشینی بازرگان لەباج ئەمە ئەنجامەكەیەتی، كە دەوڵەت هیچ داهاتێكی نەما ئەوەی هەیبوو هەموی بەخشی بەناوی پڕۆژەی گەورەوە، ئەوەتا ئێستا توشی كورتهێنانی بودجە بووە.
سۆران جەغتی لەوەش كردەوە كە بەردەوام بونی حكومەت لەسەر ئەم رێبازو سیاسەتە ئاقیبەتی باش نابێت، ئەو وتی “ئەگەر حكومەت لەسەر هەمان رێچكەی ئابوریو ئەو سیاسەتە بڕوات كە چەند ساڵە پەیڕەوی كردوە ئەوا هەستانەوەمان زۆر قورس دەبێت، چونكە ئێمە تاكی كۆمەڵگامان فێرنەكردووە بەئابوریانە بیركاتەوە، بەڵكو پەروەردەیەكی سیاسیانە كراون”.
وتیشی “دۆخی ئابوری لەقەیرانێكی ئێجگار گەورەدایە، لەئێستادا لەشاری سلێمانی لەكۆی ٥٩٠٠ كۆمپانیا بەلقی بیانیو بەغداو كۆمپانیا ناوخۆییەكانەوە ٧٠٪یان بێكار بوون، واتە لەهەر سێ كۆمپانیادا دووانیان بێكارن”.