7 لۆگۆ بازرگانیە بەناوبانگەكەی جیهان

هەندێك لەلۆگۆ بازرگانیەكان بون بەچەند وێنەیەكی ناسراو لەهزری زۆربەمانداو خێرا لەرێی كاڵاو خزمەتی بەرهەمەكانیان ئەو لۆگۆیانە دەناسینەوە، بەڵام قەد بیرت لێكردۆتەوە كێ دروستیكردوون‌و بەسەرهاتی دروستكردنیان چۆن بووە؟
لەم بابەتە زانیاری سەبارەت بەچۆنیەتی دروستكردنی 7 لۆگۆی بازرگانی بەناوبانگ بڵاودەكەینەوە.
 
1-سلڤادۆر دالی – Chupa Chups
 
”سلڤادۆر دالی” هونەرمەندی ناسراوی سوریالی كە بەیەكێك لەهونەرمەندە هەرە مەزنەكانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. هونەرمەندێكی سەیرو ژیانێكی سەیری هەبوو كە لەزۆربەی كارە هونەریەكانی ڕەنگی دابوەوە. ”دالی” لەماوەی یەك كاتژمێردا لۆگۆی Chupa Chupsی دروست كرد كە بەناوبانگترین شیرینی مژەیە، بیرۆكەی لۆگۆكە لەڕەنگی ئاڵای ئیسپانیەوە هاتووەو دالی مەبەستی بوو كە لەسەروو كاڵاكە دابنرێت تا  لۆگۆكە بۆ هەموو كەس بەئاسانی بیبینن.

2-فرانك رۆبنسون – Coca Cola
  كارگەی Coca Cola بۆ بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازیەكان، لەژێردەستی ژمێریارو دەرمانفرۆش ”جۆن بیمبرتون” دامەزراوە. ناوی ئەو خواردنەوەیە لەو ڕووەكەوە هاتوە كە لێیدروست دەكرێت كە بەگەڵای كۆلا ناسراوە. ”فرانك رۆبنسون” بەداهێنەری ناوو لۆگۆكە لەقەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی لەسەدەی نۆزدەهەم ئەم جۆرە فۆنتەی بەدەست نووسیوەو زۆربەی نووسینەكانیش هەر بەم فۆنتە دەنوسران. زیاتر لەسەدەیەك‌و هەتا ئێستا ئەم لۆگۆیە بەدەر لەلۆگۆكانی تر كەم دەستكاری بۆ كراوە.

3-پۆل راند – Next
  ساڵی 1986 لەكاتی دروست بوونی كۆمپانیای next، ”ستیڤ جۆبز” داوای لە”پۆل راند” كرد كە لۆگۆی ئەم كۆمپانیایە بكێشێت. راند دەیزانی كە ”جۆبز” هەموو شتێكی ئاسایی بەدڵ نیە، بۆیە  كاتێك ”جۆبز” پرسیاری لێكرد كە ئایا چەند لۆگۆیەك دروست دەكات تا دانەیەك هەڵبژێرێت؟ لەوەڵامدا ”راند” گوتی: نەخێر، تەنها یەك لۆگۆت بۆ چێ دەكەم‌و زۆرت بەدڵ دەبێت‌و من لەبەرامبەریدا بێ هیچ كەم‌و زیادێك 100 هەزار دۆلارم دەوێت، هەر واش ڕویدا.

4-واڵتەر لاندێر – Fedex
  ”واڵتەر” یەكێكە لەئەفسانەكانی دروستكردنی لۆگۆو هێما بازرگانیەكان لەجیهان. لۆگۆی ئێستای Fedex لەدوای هەڵبژاردنی 200 لۆگۆوە هات كە بەڕێوبەری گەورە كۆمپانیای بەناوبانگی گواستنەوە هەڵیبژاردو دواتر شێوازی تیرێكیان بۆ زیاد كرد وەك هێمایەك بۆ كارو پیشەی كۆمپانیاكە.

5-میڵتون گلیزەر – I Love NY
  ”گلیزەر” دیزاینەری بەناوبانگی بواری گرافیكۆ خاوەنی بیرۆكەی I Love NY ”من نیویۆركم خۆشدەوێت”. ئەم لۆگۆیەی بۆ هەڵمەتێكی ناساندنی شاری ”مۆنتریال” بەكارهێنا، ”ئەو شارەی دڵی تیایە”. ”گلیزەر” ئەم لۆگۆیە لەخۆشەویستی خۆی بۆ شاری ”نیویۆرك” دروستكردو دواتر لەزۆربەی ناوچەكانی جیهان بەخێرایی بڵاوكرایەوە. ئەم لۆگۆیە لەمۆزەخانەی هونەری تازەگەری لەشاری نیویۆرك دانراوە.

6-كارۆلین دایڤیدسون – Nike
 
ساڵی 1971 كاتێك هێشتا خوێندكاری بەشی دیزاین بوو لەزانكۆ لەویلایەتی ”بوتلاندی”ی ئەمریكی. ”كارۆلین” لۆگۆی Nikeی دروستكرد، ئەمەش لەدوای ئەوەی هاوڕێیەكی لەزانكۆ داوای لێكرد لۆگۆیەك بۆ كۆمپانیای ناوبراو دروست بكات، سەرەتا بەڕێوبەری كۆمپانیاكە لۆگۆكەی زۆر بەدڵ نەبوو، بەكارۆلینی گووت: هیوادارم لەدواییدا بەدڵم بێت.  
ئەو لۆگۆیەی بەتەنها 35 دۆلار فرۆشت، دواتر كە دەنگی دایەوە كۆمپانیاكە زۆر پاداشتی ئەم دیزاینەرەی كرد.

7-ڕۆب گنوف – Apple
  گێڕانەوە هەرە بەناوبانگە وا دەیگێڕنەوە كە ”ستیڤ جۆبز” پێش ئەوەی ئەم لۆگۆیە هەڵبژێرێت، تازە لەباخی سێو دەهاتەوە. چونكە یەكەم لۆگۆی كۆمپانیای Apple وێنەی كەسێك لەژێر دارسێوێك دروستكرابوو وەك هێمایەك بۆ سێوەكەی نیوتن. دواتر ”گنوف” هەستا بەدروستكردنی سێویك كە بەشیكی لێخوراوە. جۆبز زۆر بەدڵی دەبێت‌و داوادەكات كە سێوەكە بەڕەنگی پەلكە زێڕینە پڕبكاتەوە وەك هێمایەك بۆ وەبەرهێنانی كاڵاكانی جیلی دووەمی كارەكانیان.

سەرچاوە: kurdgeek