5 پرسیار بەر لەوەی كارێك بەجێبهێڵیت دەبێت لەخۆتی بپرسیت؟

كار بەجێهێشتن وەك شمشێرێكی دوو دەم وایە، لەلایەكەوە دەكرێت كارێكی هوشیارانەو زیرەكانە لێبدرێتەوە كە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی سەركەوتن‌و پێگەیەكی باشتر بۆ كاركردن، لەلایەكی دیكەشەوە دەكرێت كارێكی هەڵەشە بێت كە پەشیمانی بەدوادا دێت.
 
هەموو ئەوانەی كە بڕیار دەدەن كارێك واز لێبهێنن یان دەست بەگۆڕانكاریی دەكەن، روبەڕووی دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەبنەوە، لێرەدا ئاماژە بە 5 پرسیار دەكرێت كە پێویستە بەر لەوەی كارەكەتان بەجێبهێڵن لەخۆتانی بپرسن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كە ئایا بڕیارێكی راستتان داوە؟
 
1/ ئایا ئەو بڕیارەی داوتە ئاقڵانەیە؟
زۆرێك هەست دەكەن كە كاتێك بڕیار دەدەن واز لەكارێك بهێنن، بەچەند ساتێكدا تێدەپەڕن كە بیركردنەوەیان دەگاتە خاڵێك كە ئیتر بیركردنەوەیان باش كار ناكات‌و بڕیارێكی بەپەلە ئەدەن. كەواتە بەرلەوەی ئەو بڕیارە بدەیت، چەند هەفتەیەك كاتی زیاتر بەخۆت بدە بۆ بڕیاردان.
 
2/ چەند كات بەسەر ئەم كارەی ئێستادا تێدەپەڕێت‌و كاری پێشوترتان چەندی خایاند؟
ئەگەر راهاتویت لەسەر ئەوەی لەدوو ساڵا زیاتر لەسەر كارێك نەمێنیتەوە، رەنگە ئەمە خاوەنكاری دواترتان نیگەران بكات، كە نەوەك كەسێكی دامەزراوو جێگیر نەبیت لەسەر كارێك‌و لەمیانەوە راكەیت بۆ ئەویان. لەبەرئەوە وا باشترە كاتێكی زۆرتر لەسەر كارێك بەردەوام بیت‌و زیان بەتوانا‌و متمانەی خۆت نەگەیەنیت. رەنگە لەهەندێك هەلومەرجدا بەجێهێشتنی كارێك پاساوی مەنتیقی خۆی هەبێت، بەهۆی كەمی كرێ‌‌و نەگونجانی شوێنی كار‌و نەبونی مەرجی سەلامەتییەوە، بەڵام ئەگەر زیاد لەجارێك ئەمە دوبارە بێتەوەو دامەزراو نەبیت لەسەر كارێك، خاوەنكار دودڵا دەبێت لەوەی تا چەند پشتت پێببەستێت‌و متمانەت پێبكات.
 
3/ چەند كاتت دەوێت تا كارێكی نوێ‌ دەدۆزیتەوە؟
زۆرێك بەرلەوەی پێشوەخت ئامادەیی بكەن كاری خۆیان بەجێدەهێڵن‌و بیر لەوە ناكەنەوە كە دوای ئەوە چەند كاتیان پێویستە بۆ ئەوەی كارێكی نوێ‌ بدۆزنەوە؟ بەمەرجێك لەبازاڕی كاردا زۆرجار دۆزینەوەو پەیداكردنی كارێك كاتێكی زۆر دەخایەنێت‌و ئەوانەی كە واز لەكارە كۆنەكەیان دەهێنن درەنگ هەستی پێدەكەن. كەواتە تا كارێكی نوێ‌ بنیات نەنێیت، واز لەكارەكەی خۆت مەهێنە‌و هەوڵبدە واقیعبینانە بڕیار بدەیت.
 
4/ كارەكەی ئێستات باشترە یان ئەو كارە نوێیەی بەنیازیت بیكەیت؟
بۆ نمونە: ئایا رێگەی چونە سەر ئەم كارەت زۆر كورتە‌و ئاسانە؟ ئایا مۆڵەتپێدان لەمیاندا زیاترە؟ ئایا كرێ‌‌و مافی زیاترە یان كەمتر؟ واقیعبین بەو بیربكەرەوە كە ئایا دەتوانیت لەكارە نوێكەتدا ئەم خاڵە باشانەت دەستكەوێت؟ زۆرێك ئەوەیان لاپەسەندترە كە لەبری كاركردن لەگەڵا خاوەنكارێكی تونددا، لەشوێنێكی تر بەكرێیەكی كەمترو كاتێكی زیاتر كار بكەن، هەشن بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەوە تۆیت بڕیار دەدەیت كە كامیان بۆ كاركردنتان بەبایەخترە.
 
5/ ئایا تا ئێستا لەگەڵا خاوەنكاردا دەربارەی بێزارییەكانی خۆت قسەت كردووە؟
هەندێكجار قسە كردن لەگەڵا خاوەنكاردا دەروازەی لێكتێگەیشتنتان بۆ دەكاتەوە لەبری پیش خواردنەوەو قسەنەكردن‌و بیركردنەوە لەوەی تا زووە خۆت لەمڕ‌ومۆچی خاوەنكار دور بخەیتەوە. دەتوانیت دەربارەی شوێنی كارت بیدوێنی كە نەگونجاوە، دەتوانیت پرس‌و رای پێبكەیت كە كاتی دەوام كردنت بگۆڕیت. رەنگە وەڵامەكەی بەدڵی تۆ نەبێت، بەڵام ئەشێت گوێشت لێبگرێ‌‌و هاریكاریت بكات، ئەوەی رونە تا لێی نەپرسیت نازانیت كامیانە. زۆرێك پێیانوایە كە وەڵامەكەی نەرێنییە لەبەرئەوە هەرگیز پرسیار لەخاوەنكار ناكەن، بەڵام رەنگە كە پرسیار بكەن پێچەوانەكەی ببینن‌و بەدەم داواكەیانەوە بێت، كەواتە هەمیشە پرسیار كردن لەپرسیار نەكردن باشترە.