سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت تەنها لەماوەی ئەساڵدا دابەزینی نرخی نەوت زیانی زیاتر لە 360 ملیار دۆلاری لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە.
بەپێی راپۆرتێكی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەردەوام بێت و نرخی بەرمیلێك لە دەوروبەری 50 دۆلاردا بێت، ئەوا لە پێنج ساڵی داهاتوودا پارەی یەدەكی زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە نامێنێت.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتەكەیدا زەنگی ئاگاداركردنەوەی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدا و بەپێی زانیارییەكان، گەورە هەناردەكەرانی نەوتی ناوچەكە، شانشینی عەرەبی سعودیە و بەحرەین زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.
بەپێی راپۆرتەكەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بە تەنیا لەمساڵدا بڕی زیانە داراییەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 360 ملیار دۆلاری ئەمریكی تێدەپەڕێنێت.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، بودجەی ساڵانەی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە تووشی كورتهێنان بووە و بەشێك لەو وڵاتانە سوورن لەسەر پڕكردنەوەی كەموكورتییەكان.
هەر بەپێی راپۆرتەكە بۆ هاوسەنگكردنەوەی زیانەكانی عێراق، پێویستە نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ 81 دۆلاری ئەمریكی بەرزبێتەوە.