هەرێمی كوردستان 60 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتوە

 
وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت: قەیرانی دارایی‌و شەڕی داعش‌و قەیرانەكانی دیكە، زیانی 50 بۆ 60 ملیار دۆلاریان بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە‌.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند” لەساڵانی 2014‌و 2015دا، بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە زیانی 50 بۆ 60 ملیار دۆلاری بەكوردستان گەیاندوە. بەشێوەیەك لەبواری وەبەرهێناندا 20 ملیار دۆلار زیان بەكوردستان كەوتووە‌و هاوكات 700 كۆمپانیا‌و بەڵێندەریش مایەپووچ بوون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەخاڵە سنوورییەكانەوە بەڕێژەی (50% – 60%) دابەزیووە‌و هاتنی گەشتیارانیش بۆ كوردستان (80%) كەمی كردووە.

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد” تەنیا لەكەرتی تایبەتدا 300 هەزار كەس رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، ئەمەش وایكردووە كە رێژەی بێكاری كە لەساڵی 2013دا (7%)ی تێپەڕ نەدەكرد، ئێستا گەیشتۆتە (20%)، هەروەها ئێستا بازاڕی كوردستان هیچ جوڵەیەكی تێدا نەماوە‌و مردووە، ئەمەش وایكردوە كە 700 هەزار كەس لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بێ‌ كار بن.