ئیتاڵیا كارگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

حكومەتی ئیتاڵیا بەنیازە لە هەرێمی كوردستان كارگەیەكی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتون دابمەزرێنێت.

بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند ” بۆ پەرەپێدانی چاندنی زەیتوون و زیادكردنی بەرهەمەكەی، حكومەتی ئیتاڵیا بڕیاری داوە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون لە كوردستان دابمەزرێنێت.
 
بەپێی رووپێویەك كە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2008 بۆ ژمارەی داری زەیتوون لە كوردستان ئەنجامی داوە، 169 هەزار و 400 داری زەیتوون لە كوردستان هەبوون.

بۆ پەرەپێدانی ئەم بەرهەمە، وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵی 2008 تاوەكو 2012 نزیكەی ملیۆنێك و 750 هەزار نەمامی زەیتوونی لە سووریا، توركیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە هاوردە كرد و 800 باخی نموونەیی بۆ جوتیارانی كوردستان دروستكرد و 858 هەزار و 682 نەمامیشی لەچوارچێوەی هەڵمەتی چاندنی 5 ملیۆن نەمام بەخۆڕایی بەسەر جوتیاران و خەڵك و قوتابخانە و فەرمانگەكاندا دابەش كرد.