وەزیری بازرگانی عێراق: پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەنێرین

وەزیری بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت لە نزیكترین كاتدا پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جوتیاران رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچونی هۆكارەكانی رەوانە نەكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم، پەیوەندی بە مەلاس محەمەد، وەزیری بازرگانی عێراقەوە كرد و دۆخی چاوەڕوانی و نیگەرانی جوتیارانی هەرێمی پێگەیاند كە لە كاتی خۆیدا گەنمیان رادەست كردوە، بەڵام هێشتا لە چاوەڕوانیدان و تائێستا بەشێكی پارەی گەنمی ساڵی رابردوشیان پێنەدراوە.

لە بەرامبەردا، وەزیری بازرگانی عێراق بەڵێنی بە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمدا بەوەی لە نزیكترین كاتدا بڕە پارەی ساڵی رابردوی گەنمی جوتیاران رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت و هاوكات سلفەیەكی پارەی گەنمی ئەمساڵیش (2015) رەوانە بكرێت، بۆئەوەی بدرێنە چوتیاران و بەرهەمی رەنج و ماندوبونیان بچننەوە.

بەپێی زانیاریەكان، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی (683) ملیار دیناری دیكەی بۆ گەنمی تەواوی جوتیارانی عێراق تەرخانكردوە و لەوبڕەش بەشێكی بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستانە.