دانانی باج لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێم جێبەجێ ناكرێت

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت بڕیاری دانانی باج لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل جێبەجێكردنی كارێكی قەرسە و دەشڵێت” بەبڕوای من ئەو بڕیارە لە هەرێم جێبەجێ ناكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند” لەو بڕوایەدا نیم باجی 15% سەر هێنانی ئۆتۆمبیل ئەمساڵیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەكرد” هاتنی ئۆتۆمبیل بەزۆری لەسنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوەیە، هەرێمی كوردستانیش پابەندی ئەوە نابێت باج بەرێژەی 15% بخاتەسەر هاتنی ئۆتۆمبیل، بۆیە لەوبڕوایەدا نیم لە2016دا حكومەت عێراقی بتوانێ‌ وەك كڕینی كارتی مۆبایل سەركەوتووبێت لە باج خستنە سەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل”.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد ” تائێستا روون نەبووەتەوە باجی 15% هاتنی ئۆتۆمبیل لەسەر كڕیار دەبێت، یاخود لەسەر كۆمپانیای هاوردەكار، لەبەرئەوە باج خستنە سەر هاتنی ئۆتۆمبیل زۆر قورسە لە2016دا و بڕواناكەم جێبەجێ‌ بكرێت”.

بەپاساوی رێكخستنەوەی وەرگرتنی باج‌ و هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت‌ لە عێراقدا، حكومەتی عێراق لەبودجەی 2015دا كۆمەڵێك باجی نوێی خستە سەر چەند كاڵا‌و كەلوپەلێك، وەك لەكڕینی كارتی مۆبایل بەرێژەی 20% كە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و باجی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل بەرێژە 15% كە تاوەكو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.