عەبادی: رێژەی 100%ــى داهاتی نەوت بۆ مووچە دەڕوات

 
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێ ١٠٠% داهاتی نەوت بۆ مووچە دەڕوات و  دەشڵێت لە نەهێشتنی ئیمتازاتەکان بەردەوامن.



عەبادی ئاماژەی بەوەکرد بە پێی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠١٦، بوودجەی عێراق ٥٥ تریلۆن دینار تێپەڕ ناکات، لەو رێژەیەش ٤٠ تریلۆن دینار بۆ مووچەیە و ١١ تریلۆنی دیکە بۆ خانەنشینی، بەم شێوەیەش ١٠٠% داهاتی نەوت بۆ مووچە دەڕوات.



سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت پێوستە کەرتی تایبەت رۆڵ و گرنگی زیاتری پێبدرێت لە ئابووری عێراقدا، ناکرێت تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت.



عەبادی گوتی پڕۆژە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو دەستبەریی بۆ سەرجەم کرێکارانی کۆمەڵگەی عێراق دابین بکرێت، نەک تەنیا فەرمانبەرانی دەوڵەت.



سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، حکومەت تاوەکو ئەوپەڕی خەرجییەکانی کەمکردووەتەوە، هاوکات دەستیانکردووە بە چاوخشانەوە بە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەمککردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی لە نێوان مووچەی پلەباڵاکان و فەرمانبەرانی ئاساییدا هەیە. لەو چوارچێوەیەشدا زۆربەی ئیمتیازاتەکانیان کەمکردووەتەوە و بەو ئاراستەش لە هەنگاوەکانیان بەردەوامن.