ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە گەیشتووەتە 700 هەزار بەرمیل.
بەیار دۆسكی، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: “ئێستا ڕێژەی هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە 700هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، ئەم ڕێژەیەش جێگەی دڵخۆشییە، ئومیدەوارین ئەم هەنگاوانە سەركەوتوو تر بێت و زیاتریش بەرەو پێش بچێت.”
دۆسكی ئاماژەی بەوەشكرد”هەروەك ئاشكرایە نرخی نەوت لە جیهان دابەزیوە، بۆیە پێم وایە ئەگەر ڕێژەكە بەرزتر بكرێتەوە، ئەوا دەتواندرێ بەبێ كێشە مووچەی فەرمانبەران دابین بكرێت. ئەم هەنگاوانەش هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆییەیركی تەواوی ئابووری دەبات و داهاتی هەرێم لەو ڕێژەیە زیاتر دەبێت كە لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرا.”
ڕوونیشی كردەوە : “ئەگەر نرخی نەوت لە جیهان بەو شێوەیە دانەبەزیبا ئەوا هەرێم ئێستا سەركەوتنی تەواوی لە پرۆگرامی سەربەخۆیی ئابووری بەدەست هێنابوو. هەرچەندە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت مافێكی دەستووری و یاساییی هەرێمە، پێشم وایە سەربەخۆیی هەرێم بەبێ سەربەخۆیی ئابووری نابێت.”