جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: خاڵی سنوری پەروێزخان ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پێناو بەرزبوونەوە و ئاسانكاری ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان هەیە.
لە میانەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی هاوبەشی چالاكوانانی ئابوری پارێزگاكانی سلێمانی و كرماشان، یاسین ڕەحیم فەرەج وتی: هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی پێشینەیەكی بازرگانی دوور و درێژیان هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولا لە چوارچێوەی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەكان، هەناردە و هاوردەی كاڵا، سەردانی وەفدی ئابوری و بازرگانی، بەشداری لە پێشانگا جۆربەجۆرەكان و هەروەها سەردانی بەرپرسانی سیاسی و ئابوری باڵای كۆماری ئیسلامی و هەرێم كەوتووەتە بەرچاو.
یاسین ڕەحیم فەرەج ڕوونیكردەوە: لە بەشی ئابوری و ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەكان بارودۆخێكی گونجاومان لە نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستاندا بینیوە و لەم نێوەندەشدا پارێزگای كرماشان بە هۆی ئەو سنورە هاوبەشەوە، پشكێكی گەورەی لەم پەیوەندییە ئابورییەدا بەركەوتووە.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی: هەبوونی چەندین بازاڕچەی سنوری چالاك لە پارێزگای كرماشان دەرفەتی هەناردەی كاڵای بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق دابین كردووە و بە تایبەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەكان بەرزبوونەوەی زۆری بە خۆوە بینیوە.
ناوبراو لە كۆتاییدا وتی: هیوادارم سەردانی وەفدی بازرگانی سلێمانی بۆ كرماشان بتوانێت پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران بەرەوپێشتر ببات و لە داهاتوودا هاوكاری زیاتر بە چاو ببینین.
سەرچاوە: جامی كورد