“واژۆكردنی رێكەوتنامەی هاوكاری هاوبەش تەواوكەری رێكەوتننامەكانی تر دەبێت”

  
كۆبوونەوەی هاوبەشی وەفدی نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی كرماشان و سلێمانی بە واژۆكردنی ڕێكەوتننامەی هاوكاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاكان بە میواندارێتی ژووری بازرگانی كرماشان بەڕێوەچوو.

یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سەبارەت بە ڕێكەوتننامە هاوبەشەكە وتی: واژۆكردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە تەواوكەری سەرجەم ڕێكەوتننامەكانی نێوانمان دەبێت.

یاسین ڕەحیم فەرەج وتیشی: هیوادارین لە داهاتوودا و لە ژێر سێبەری هاوكاری هاوبەش، خزمەتی زیاتر پێشكەش بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین و بە بۆنەی ئەندامبوونی بەڕێز كاشفی لە ژووری ئێران دەنگی ئێمە زیاتر بە ناوەندە باڵاكانی ئابوری كۆماری ئیسلامی بگات.

ئاماژەی بەوەشكرد: نوێنەرانی ژووری بازرگانی سلێمانی و كرماشان پاڵپشتی پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكان دەبن و بە پێی ئەوەی كە پێشانگاكانی سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیدا بەڕێوە دەچن، لە داهاتوودا پێشانگای تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا بەڕێوە دەچێت.

یاسین ڕەحیم فەرەج سەبارەت بە پێكهێنانی كۆمیتەی هاوبەش بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان بازرگانانی هەر دوولا وتی: ئەندامانی ئەو كۆمیتەیە پێویستە بە گرنگیدان بە یاساكان و بارودۆخی ئێستا لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرك و بەرپرسایەتی خۆیان هەوڵی بەردەوام بدەن.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وێڕای بانگهێشت كردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی كرماشان وتی: برایانی ئێمە لە ژووری كرماشان لە داهاتوودا سەردانی سلێمانی دەكەن تا پەیوەندییەكانی نێوانمان پتەوتر بێت و قەرەبووی زەحمەتەكانی ئەوانیش بكرێتەوە.

یاسین ڕەحیم فەرەج، شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بڕینی پشكی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە بە هۆكاری قەیرانی ئابوری هەرێمی كوردستان ناو برد و وتی: لە ئەگەری چارەسەربوونی ئەم قەیرانە، دەرفەتی كەڵك وەرگرتن لە ئەزموون و كارامەیی كۆمپانیا ئێرانییەكان بە تایبەت پارێزگای كرماشان لە پرۆژە گەورە و ستراتژیكەكان هەیە.

ناوبراو خوازیاری بەڕێوەچوونی چالاكییە بازرگانییەكان بە ئاگاداری و لە ژێر چاودێری ژوورە بازرگانییەكان بوو و ڕایگەیاند: بەداخەوە هەندێك خۆیان بە بازرگان دەناسێنن، لە كاتێكدا كە شارەزاییان لەم كارەدا نییە، ئێمە بە ڕاشكاوانە ڕایدەگەێنین كە بە بێ ناساندنیان لە لایەن ژوورە بازرگانییەكانەوە پێشوازی لە هیچ بازرگانێك ناكەین.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ڕایگەیاند: بە بەدواداچوونی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هاوكاری كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی، لە ئەگەری هەبوونی نامە و هەویەی ژوور، بازرگانەكان دەتوانن بە بێ ڤێزا سەردانی خاكی كۆماری ئیسلامی بكەن.

یاسین ڕەحیم فەرەج وتی: بە پێی یاساكانی كۆنتڕۆڵی كوالیتی كاڵا كە بایەخی زۆر بە كوالیتی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دەدات كاڵا و بەرهەمەكانی ئێرانی لە بەرەندە ناسراوەكانن و ئەمەش جێی خۆشحاڵییە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی لە بازاڕەكانی هەرێم لە پلەی یەكەمدا نییە، وتی: ئەگەر ئێوە نیگەرانی ئەوەن كە توركیا ڕكابەڕێتی كۆماری ئیسلامی دەكات، دەبێت ئەمریكا زۆر نیگەرانتر بێت كە وڵاتی چین بازاڕەكانی جیهانی داگیر كردووە.
 
 
سەرچاوە: جامی كورد