بەمەبەستی زیاتر لەیەك نزیكبون و ئەنجامدانی كاری هاوبەش و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی و كرماشان پرۆتۆكۆڵێكی هاوبەش لە نێوان هەردولادا واژۆكرد.
لەژووری بازرگانی و پیشەسازی كرماشان پرۆتۆكۆڵی كاری هاوبەشی نێوان ژووری بازرگانی و پیشە سازی سلێمانی و كرماشان واژۆكرا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەبازرگانی و ئابوریەكانی نێوان هەردولا.
یاسین ڕەحیم جێگری یەكەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ئەم پرۆتۆكۆڵە تەواوكەری پرۆتۆكۆڵەكانی تری نێوانمانە و گونجاندنیەتی لەگەڵ ڕەوشی ئێستادا وە لەپرۆتۆكۆڵەكەدا كۆمیتەیەكی هاوبەشی شەش كەسی پێكهێندراوە كە سێ ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سیانی كرماشانە بۆئەوەی بتوانین سەرجەم كێشەو گرفتەكانی بازرگانان لەڕێگەی ئەوكەسانەوە چارەسەر بكرێت.
ڕاشیگەیاند ئێمە كە لە سلێمانیەوە هاتوین پشگیری تەواوی پارێزگاری سلێمانیمان هەیە كە بەتەواوی پشتیوانی ژووری بازورگانی سلێمانی دەكات بۆ كارەكانمان.
یاسین ڕەحیم جەختیكردەوە كە ژووری بازرگانی سلێمانی تاكە ژوورە لە عێراقدا پێشانگای تایبەتی خۆی هەیە بۆیە پێویستە ژووری بازرگانی كرماشان كاری تەواوبكات بۆ كردنەوەی پێشانگای ئێرانی لەسلێمانی، وە هیوادارین ئەو كۆمیتەیە كەلەپرۆتۆكۆڵەكەدا ناویان هاتووە بە هەموو توانایەكیانەوە كاربكەن و ئاگاداری یاساو ڕێساكان بن تا بەشێوەیەكی كارا بتوانن كارەكانیان ئەنجام بدەن.
لای خۆشیەوە ئەحمەد كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان ڕایگەیاند لەم پرۆتۆكۆڵەدا پێویستە كێشەی ئەو بارانە چارەسەربكەین كە لەجۆری شیرەمەنیدان و ماوەی مانەوەیان كەمە بۆیە پێویستە لەسەر مەرزەكان زۆر دوانەخرێن و هەوڵبدەین بە یەك ئۆتۆمبێل داخڵی سنورەكانی كوردستانبكرێن و كێشەی دواكەوتن دروستن نەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا دەمانەوێت كێشەی پێدانی فیزا بە بازرگانان چارەسەر بكرێت و ڕەوشی بازرگانان باشتر بكرێت و بێزار نەكرێن لەسەر سنورەكان.
لای خۆشیانەوە كەیوان كاشفی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی كرماشان ڕایگەیاند هەموو ئەو بابەتانەی لەلایەن ژووری بازرگانی سلێمانیەوە باسكران ئێمە كاری لەسەردەكەین و هەوڵدەدەین بەشێوەی لێك تێگەشتن و یاسا چارەسەریانبكەین تا بتوانین تەواوی پەیوەندیە بازرگانیەكان زیاتر برەو پێبدەین.
لەئێستادا پرۆتۆكۆڵی بازرگانی كرماشان سلێمانی واژۆكراوەو هەموكارێكی بازرگانی بەپێی ئەو پرۆتۆكۆڵ و خاڵانەی ڕێكەوتنی لەسەر كراوە كاری پێدەكرێت و هەوڵی باشكردنی مەرزەكان دەدرێت و كارئاسانی بۆ بازرگانان بكرێت.