وەزیری بازرگانی حكومەتی عێراق، ئەو پڕوپاگەدانەی رەتكردەوە كە باس لە راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و رایگەیاند ئەو هەواڵانە دورن لە راستیەوە.
لە بەیاننامەیەكدا میلاس محەمەد وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بەردەوام دەبێت لەسەر دابینكردنی بەشەخۆراكی مانگانە بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی ئەو كارە كە دەبێت بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەموو ناوچەكانی وڵات بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، فەراهەم بكەن.
میلاس محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد” هیچ رێنمایی یان فەرمانێكیان لەسەر راگرتنی بەشەخۆراكی هەرێمی كوردستان پێنەگەیشتوە، راگرتنی بەشەخۆراكی هەرێمیشی بە پڕوپاگەندە و هەوڵێك بۆ ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم وەسفكرد.
وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكراشیكرد ” وێڕای تەنگژەی دارایی و نەبوونی پارەی پێویست بۆ كڕینی بەشەخۆراكی تەواوەتی، وەزارەتەكەیان بەرنامە و پلانی خۆی هەیە بۆ گەیاندنی بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەموو ناوچەكان، ئاماژەی بەو هەوڵانەش كرد كە بۆ باشكردنی شێوازەكانی گەیاندن و جۆری مەوادە خۆراكییەكان، خراونەتەگەڕ.