وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوەتی هەرێم بڕیاریدا 164 پاڵاوگەی نەوت لە سنوری هەرێمی كوردستان دابخات.
لە بڕیاری ژمارە 8545 كە واژۆی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانی لەسەرە هاتووە:” بە مەبەستی رێكخستنی چالاكیەكانی كەرتی نەوت و غاز بە باشترین شێوە، كە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت و لە هەمان كاتدا ئەركی پارێزگاریكردنی تەندروستی هاوڵاتیان و پاراستن ژینگەی هەرێمی كوردستان لە خۆبگرێت ئەم فەرمانە دەركراوە.
بە پێی فەرمانەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەنیا ئەو پاڵاوگانەی لە خشتەی (1)دا ناویان هاتووە داناخرێن، كە ژمارەیان 26 پاڵاوگەیەو لە كارەكانیان بەردەوام دەبن بە مەرجێك رێنماییەكانی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی (3) مانگدا جێبەجێبكەن و لە پشكنینی تیمەكانی وەزارەتدا دەربچن.
لە فەرمانەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندا هاتووە:” ئەو پاڵاوگانەی لە خشتەی ژمارە (2)دا ناویان هاتووە كە ژمارەیان 164 پاڵاوگەیە دادەخرێن و بە هیچ شێوەیەك نابێت كار بكەن “.