بەمەبەستى زیاتر گرنگیدان بە پەیوەندیە بازرگانیەکان و توندوتۆڵکردنەوەى سنورە بازرگانیەکانى نێوان هەردولا سەرۆکى ژوورى بازرگانى و جێگرى یەکەم لەگەڵ سەر قونسوڵى ئێران لە سلێمانى کۆبونەوە.
سیروان محەمەد سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى بە یاوەرى جێگرى یەکەم یاسین ڕەحیم فەرەج سەردانى سەر قونسوڵى ئێرانیانکرد لە شارى سلێمانى بە مەبەستى پیرۆزبایکردن بەبۆنەی دەستبەکاربونیان وەک سەرقنسوڵ.
سیروان محەمەد ڕایگەیاند لە سەردانەکەماندا لەگەڵ ئاغاى مەسعودیان سەرقونسوڵى ئێران لە سلێمانى کۆبوینەوە کە باسمان لەو پەیوەندیە بازرگانیە کرد کە لەنێوان ئێران و سلێمانیدا هەیە وەداوامانکرد کە پەیوەندیەکانى سەر سنور زیاتر گرنگى پێبدرێت و ڕێگە بۆ بازرگانانى هەردولا ئاسانبکرێت بەتایبەت ئەوانەى کارى بازرگانى گەورە دەکەن لەنێوان هەردولادا بۆئەوەى بەباشى بتواندرێت ڕەوشى بازرگانى بەرزبکرێتەوە.
سەرقونسوڵى ئێران لەسلێمانى ئەوەى ڕاگەیاند ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانى لە کارى بازرگانى نێوانمان دەکەین و هەوڵدەدەین بەشێوەیەکى باشتر کارەکان بەڕێوە بچێت و کارئاسانى بۆ بازرگانان بکرێت بەپێى مەرجەکانى کارى بازرگانى.
لە کۆبونەوەکەدا باس لەوەشکرا کە پێویستە کۆمارى ئیسلامى ئێران کاربکات بۆئەوەوى وەک ووڵاتى تورکیا پێدانى فیزا ئاسانبکات بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان تا بتواندرێت بەشێوەیەکى ئاسان خەڵک ڕوو لەو ووڵاتە بکەن.
ز.ر