هەرێمی كوردستان: پڕۆژەكانی وەبەرهێنان 90% كەمیكردوە

قەیرانی دارایی هەرێم كاریگەریی راستەوخۆی كردوەتە سەر كەرتی وەبەرهێنان و بەو هۆیەشەوە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەڕێژەی 90% كەمیان كردووە.

بەپێی ئامارێكی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەكوردستان، ساڵی 2015 بە بەراورد لەگەڵ 2013، رێژەی تۆماری كۆمپانیاكان (55%) كەمی كردووە، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵوەشاندنەوەو نەمان‌و لەكاركەوتنی كۆمپانیا تۆماركراوەكان.
بەپێی ئەو ئامارەی بەردەستە، لەساڵی 2010دا لەكوردستان 2057 كۆمپانیا تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 341 كۆمپانیای بیانی بوون، ئەو رێژەیەش لەساڵی 2013دا بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە 3423 كۆمپانیا، لەو ژمارەیەش 443 كۆمپانیای بیانیی بوون، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێش، ئەو رێژەیە دابەزیوەو بەپێی دوایین ئامار، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، تەنیا 871 كۆمپانیا تۆماركراوەو لەو رێژەیەش تەنیا 99 كۆمپانیای بیانی بوون، واتە رێژەی تۆماری كۆمپانیا بە بەراورد بەدوو ساڵی رابردوو، نزیكەی (50%) دابەزیوە.

هەر بەپێی ئامارەكان لەمساڵدا رێژەی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت زۆر دابەزیوە، بەخەمڵاندنی شەش مانگی دووەمی ئەمساڵیش، ئەوا رەنگە كۆی وەبەرهێنان بگاتە تەنیا ملیارێك دۆلار، ئەمەش دابەزینێكی مەترسیدارە لەڕێژەی وەبەرهێنان، چونكە لەساڵی 2013دا وەبەرهێنان بەپێی سەرمایە گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلار، واتە زیاتر لە (90%) دابەزیوە، لەڕووی ژمارەیشەوە لە 2013دا مۆڵەت بە 127 پڕۆژە دراوە، كەچی بۆ ئەمساڵ لەهەشت مانگدا تەنیا مۆڵەتی 11 پڕۆژە دراوە.