دوای ئەوەی چەند جارێك ژووری بازرگانی كەركوك ڕایگەیاند كە توشی قەیرانی
دارایی هاتوون و داوایان لە یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق كرد هاوكاری
بكرێن بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە، بەدرێژە كێشانی ئەم بارودۆخە سیروان
محمد محمود سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە كۆبوونەوەی 36،
ڕۆژی 28/7/2015 یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان كە
لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، پێشنیاری كرد بۆ هاوكاریكردن و بەدەمەوەچوونی ژووری بازرگانی كەركوك.
دوای گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیارەكە بەڕێز سیروان محمد جێگری سەرۆكی یەكێتی
ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردرا بۆ ئەم كارە.
سیروان محمد بە یاوەری باقی محمد فتاح ئەندامی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و
پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بەڕێزان حمید عبداللە فرج و عوسمان فتاح
محی الدین ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی سلێمانی لە كاتژمێر
10:00 ی پێش نیوەڕۆی 2/9/2015 سەردانی ژووری بازرگانی كەركوكیان كردوو
لەلایەن سەرۆكی ژوورو ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی
كەركووكەوە پێشوازی كران و دوای ئەنجامدانی كۆبوونەیەك سیروان محمد داوای
كرد ژووری بازرگانی كەركوك ببێتە ئەندامی هەمیشەیی یەكێتی ژوورە كانی
بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بتوانن سود لە یاساو ڕێنماییەكانی
ئەم یەكێتییەوە وەربگرن بۆ دەربازبوونیان لەو قەیرانە داراییە، ژووری
بازرگانی كەركوكیش خۆشحاڵ بوون بەم پێشنیارە.
دواتر لە كاتژمێر
11:00 نیوەڕۆدا هەردوولا سەردانی بەڕێز د. نجم الدین كریم پارێزگاری
كەركوكیان كردوو، بەڕێزیان لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕی لەو دەستپێشخەری و
بەدەمەوەهاتنەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستان و بەڵێنی هەموو
هاوكارییەكی پێدان.
دواتر شاندی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و
پیشەسازی هەرێمی كوردستان بڕیاریاندا بابەتی بەئەندام بوونی هەمیشەیی ژووری
بازرگانی كەركوك بخەنە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئایندەی یەكێتی ژوورەكانی
هەرێم و گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەم پرسە.