بەرهەمی ناپوختی نەوتی هەرێمی كوردستان لەمانگی 7 دا گەشتووەتە 1 ملێۆن و 110 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و هەناردەی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ 940 هەزار بەرمیل ئەوەش بەبەراورد بە ئاستی بەرهەمهێنانی مانگی ڕابردوو گەشەی بەرفراوانیكردووە بەئاستی 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
وریا هەورامی بەرپرسی ڕیكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان ڕایگەیاند” هەرچەندە كێشە سیاسیەكان و تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر هەناردەهەبووە، بەڵام كەشی بەرهەمهێنانی نەوتی لەگەشە نەخستووەتەوە بۆیە ئاڕاستەی گەشەی بەرهەم وەكو خۆیەتی”
بەپێی ناوەڕۆكی راپۆڕتی رێكخراوی دۆر ” حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ڕیكەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی نەوتی نیودەوڵەتی كردویەتی مانگانە 850 ملیۆن دۆلاری دەستدەكەوێت، ئەوەش بەبەراورد بەداهاتی پێشبینیكراو هەرێم بۆ مانگی تەمووز، ملیارێك و 32 ملیۆن زیانیكردووە.
هەروەك ڕاپۆرتەكە چەندین زانیاری لەبارەی كەرتی نەوت و غازەوە ڕوونكردووەتەوە ئاماژەی بە لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری سامانە سروشتیەكان داوە و نوسراوە” كە لەسەرەتای مانگی 9 ی ئەمساڵەوە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان بانگهێشتی بەردەم پەرلەمان دەكرێت بۆ لێپرسینەوە ئەگەر وەڵامەكانی پێویست نەبوو ئەوا متمانەی لێدەسنرێتەوە”
وریا هەورامی لەو بارەیەوە ئەوەی خستەڕوو” بەگەڕخستنی ئەم هەوڵە گرنگی خۆی هەیە و بەڵام دەبێت زیان و قازانجەكانی لێكبدرێتەوە چونكە ئەوەی ئیستا لەكەرتی نەوت و غاز بەدەستهاتووە هەمووی وابەستەیە بە كەسی ئاشتی هەورامی و دەبێت پارێزگاری لەو كەشە بكرێت كە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دروستبووە، بە پێچەوانەوە كەرتی نەوت غاز زۆر بەرەوە پاش دەچێتەوە”
هەرچی لەبارەی نرخ و پێشبینیەكانیشەوە هەیە ڕاپۆرتی مانگی تەموز ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە” ساڵی 2016 ڕیژەی ناوەندیەتی نەوتی خاوی تەكساس دەبێتە 54 دۆلار و 42 سەنت و ڕیژەی ناوەندیەتی نەوتی خاوی برێنت دەبێتە 59 دۆلار و 42 سەنت” ئەم نرخەش بۆ هەرێمی كوردستان هەم جێگەی مەترسی و هەم گونجاوە بۆ ئەم قەیرانە.