ڕوسیا پەیوەندیەکانى لەگەڵ سلێمانى زیاتردەکات

ووڵاتى ڕوسیا دەستى کردووە بە دروستکردنى پەیوەندى بازرگانى و ئابورى لەگەڵ شارى سلێمانیدا تا بتوانن بەوپەڕى تواناوە پەیوەندیە بازرگانیەکان پتەو بکات.
ئازاد شمقار سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى بەوەکالەت و ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى پێشوازیانکرد لە قونسوڵى ڕوسیا و نوێنەرى بازرگانى هەرێمى تاتارستان کە بۆ قسەکردن و پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ هەردولادا کۆبونەوە.
سەرەتا ئازاد شمقار ئاماژەى بەوەدا کە شارى سلێمانى یەکێکە لەو شارانەى هەرێمى کوردستان کە توانیویەتى پێشکەوتنێکى گەورە لەبوارى بازرگانى و پیشەسازیدا بەخۆیەوە بدینێت کە چەندین کارگەى گەورە و پێشکەوتو لەم شارەدا بونیان هەیە بەڵام کۆمپانیا ڕوسیەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لەشارى سلێمانیدا گرنگى بە کەرتى بازرگانى و ئابورى بدەن.
وتیشى ئێمە دەمانەوێت وەک ژوورى بازرگانى لەگەڵ ووڵاتى ڕوسیاو هەرێمی تاتارستان پەیوەندیەکان بەهێزکەین لەسەرجەم بوارەکاندا تا بتوانین ئەو هەرێمە سود بگەیەنێت بە کوردستان لە بوارەکانى پێشخستنى کەرتى پیشەسازى و بازرگانى وە دەرگاى پەیوەندى بازرگانى بەڕوى سلێمانیدا بکەنەوە کارئاسانى زیاتر بۆ بازرگانان بکەن.
لاى خۆشیەوە مالى کارى تازاکستانى بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى لە هەرێمى تاتارستان ڕایگەیاند لەڕێگەى ژوورى بازرگانى سلێمانیەوە ئاشنابون بە زۆر شتى پێشکەوتوو لە بوارەکانى بازرگانى و پیشەسازى و گەشتوگوزار لەم شارەدا، بۆیە ئێمە بڕیارماندا کە پەیوەندیەکى بەهێز و دۆستانە لەگەڵ ئەم شارە دروستبکەین لە بوارەکانی دانانى کارگەى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى جۆرى واز لەسەر شێوەى نوێ و مۆدێلى تازە کە پێشتریش لە عێراقدا بوونى هەبووە وە هەروەها دروستکردنى جێگەى تایبەتى چاک کردنەوەى فڕۆکە لەم شارەدا.
ئەوەشى ڕاگەیاند کە لە ڕێگەى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیەوە هەوڵدەدەن کە بازرگانانى سلێمانى سەردانى ڕوسیا و هەرێمى تاتارستان بکەن تا بتوانن لەگەڵ بازرگانانى ئەو هەرێمە لێک تێگەشتن واژۆبکەن و بتوانن کار لە بوارى بازرگانیدا بکەن.
لەکۆبونەوەکەدا ئەندامانى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى داوایان لە قونسوڵى ڕوسیاکرد کە بەشێوەیەکى باش بتوانن پەیوەندیەکانیان چڕکەنەوە لەگەڵ ژوورى بازرگانى ئەو پێشانگایانەى لەووڵاتەکەیان دەکرێتەوە سالانە لەبوارە جیاوازەکاندا ئاگادارمان بکەنەوە و بتوانین بازرگانان لەسلێمانیەوە بەرین بۆ ووڵاتى ڕوسیا.