وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم جەخت لەسەر مەرجداركردنی هێنانی كرێكاری بیانی بۆ نێو هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.
ئەنجوومەنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە سەرپەرشتی محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە رەوشی ژیانی هاووڵاتییان و كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە و هێنانی كرێكاری بیانی بۆ هەرێم گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد هاودیانی رایگەیاند “بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، باش نییە پێویستە بە لێپرسراوانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت”.
وتیشی: “كۆچكردنی گەنجانی هەرێمی كوردستان، بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت لەبەرچاو بگیردرێت، هەروەها دەرفەتی كار و ژیانیان بۆ دەستەبەربكرێت”.
كۆبوونەوەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر چەند تەوەرێكی تر گفتوگۆیان كرد یەكێك لەو پرسانەش هێنانی كرێكاری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بڕیاردراوە، كە هێنانی كرێكاری بیانی مەرجدار بكرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بە گەنجانی هەرێمی كوردستان، بدرێت.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەی وەزارەتی كاردا هاتووە، كە لەكۆبوونەوەی وەزارەت بڕیار دراوە. لە سەرەتای مانگی داهاتوو نوێنەری چواردە وەزارەت بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی كرێكارانی بیانی بدەن.