لەڕوداوێكی سەرنج ڕاكێشدا هەوڵدان بۆ دزیكردن لە دوكانێكی زەڕەنگەری ئەو دزیە پوچەڵكرایەوە.
عەتای وەستا ڕەجەب ئاگادار لەڕوداوەكە بەسایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وت” شەوی ڕابردوو لەناوەڕاستی بازاڕی نەورۆزدا نزیك چێشتخانەی زۆراب هەوڵی دزیكردند دراوە ،بەجۆرێك بە ئامێری ئێڵتی سەقفی بازاڕەكە كونكراوە و هاتونەتە ناو بازاڕەكەوە”
وتیشی” لەناو بازاڕەكەدا بە كەرەستەی پیك دو دیواری دیكەیان شكاندووە ویستویانە دوكانی زەڕەنگەرێك ببڕن بەڵام لەو كاتەدا یەكێك لە دوكانەكانی ناو بازەڕەكە كەلو پەلی بۆ هاتووە تا لەدوكانەكەی خۆیدا بەتاڵی بكات وە بەهۆی دەنگی دزیكردنەكە و داگرتنی كەلوپەلی دوكانەكە دزەكان هەڵ هاتوون و نەیانتوانی هیچ بدزن”
عەتای وەستا ڕەجەم سەر سوڕمانی خۆی لەو دزیكردنە دەربڕی كە تا ئێستا شتی وا نەبیسراوە بە ئامێری ئێڵتی سەربان كونبكرێت و كەس پێی نەزانێت و دوو دیواری دیكە بشكێندرێت وە ئەگەر ئەم دزیە ئەنجام بدرایە ئەوە كێشەیەكی گەورە دروست دەبوو.
لای خۆشیەوە وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەركەوت ئەحمەد هەواڵەكەی پشت ڕاسكردەوە و وتی” ئەمشەو هەوڵی بڕینی دوكانێكی زەڕەنگەر دراوە لەشاری سلێمانی بەڵام هەوڵەكە سەری نەگرتووە و تۆمەتبارەكە زانیاری تەواوی لەسەر ئەو شوێنە هەبووە”
وتیشی” تیمەكانی بەڵگەو تاوان و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چونەتە شوێنی ڕوداوەكە ئەوەی تایبەت بێت بەو ڕوداوە كۆكراوەتەوە و لەئێستادا خاوەن دوكانەكە سكاڵای نیە بەڵام پۆلیس لە بەدواداچوندایە و ڕەنگە لە چەندڕۆژی داهاتودا تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن”