پارێزگاری شاری ئیلامی ئێران و وەفدێكی یاوەری سەردانی شاری سلێمانییان كرد و لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بەرپرسانی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ڕۆشنبیری كۆبونەوە، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:” لەگفتوگۆدا دەبین بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێك لەچەند بوارێكدا”،
ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لەگفتوگۆدا دەبین بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێك لەچەند بوارێكدا، هەروەها هاتنی ئەم وەفدە گرنگییەكی خۆی بۆهەردوولا هەیە، بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەڕوانگەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و فەرهەنگی و بازرگانی و وەرزشی.
محەمەد رەزا مروارید، پارێزگاری شاری ئیلام كە پارێزگایەكی كورد نشینی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ڕایگەیاند، خەڵكی لای ئەوان زۆر مشتاقی ئەوەن بێنە سلێمانی و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ سلێمانی هەیە، و هەوڵدەدەن لەم سەردانەیاندا ئالوگۆڕ لەڕوی فەرهەنگی و بازرگانی و پیشەسازی و وەرزشی بكەن.
ئەو پارێزگارەی شارە كوردییەكەی ئێران، داوای لەخەڵكی سلێمانی كرد، كە هاتن بۆ وڵاتی ئێران سەردانی شاری ئیلامیش بكەنو ماوەی نێوان پەروێزخان بۆ ئیلام زۆر كەمترە لەماوەی نێوان پەروێزخان بۆ كرماشان.
لای خۆشیەوە عوسمان فەتاح نوێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە کۆبونەوەکە بەشێوەیەکی باش سەرکەوتوبووە و دەتواندرێت سودی زۆری لێوەر بگیرێت بۆکاری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا.
فۆتۆ:سایتی خەڵک