عێراق خاوەنی 90 تۆن ئاڵتونی یەدەگە

پەرلەمانتارێك سامانی یەدەگی عێراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت ” لەئێستادا عێراق خاوەنی 59 ملیار دۆلار و 90 تۆن ئاڵتونی یەدەگە.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكیدا رایگەیاند ” یەدەگی سەروەت‌و سامانی عێراق ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بەتایبەت یەدەگی دۆلار‌ بە بەراورد بە چەند ساڵێك لەمەوبەر زۆر كەمیكردووە”.

ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەكرد” لە ساڵی 2013دا یەدەگی دۆلار لەبانكی ناوەندی عێراقی 84ملیار دۆلار بووە، لە ساڵی 2014 بووەتە 77ملیار دۆلار‌و لە2015 شدا دابەزیوە بۆ 59ملیار دۆلار، هۆكاری كەمكردنەوەی ئەو یەدەگەش پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە”.

لەبارەی بڕی یەدەگی ئاڵتونیشەوە ئەو پەرلەمانتارە وتی “یەدەگی ئاڵتوون لەعێراقدا زیادیكردووە، بەجۆرێك لەساڵی 2013دا عێراق 29 تۆن ئاڵتوونی یەدەگی هەبووە، بەڵام ئێستا نزیكەی 90 تۆنی هەیە.