کێشەى ڤیزاى بازرگانى بۆ ئێران چارەسەر دەکرێت

 

دوای ئەوەی بەشی پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئێران كێشەی بۆ بازرگانان دروستكردوو لە چەندڕۆژی ڕابردودا پێدانی فیزای ڕاگرت، بۆ چارە سەركردنی ئەو كێشەیە سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی سەردانی كونسوڵگەری ئەو وڵاتەی كرد.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دلاوەر علی سۆفی كەریم ئەندامی ئەنجومەنی ژوور سەردانی كونسوڵگەری ووڵاتی ئێرانیانكرد لە شاری سلێمانی و چاویان كەوت بە جێگری كونسوڵ و كێشەو گرفتەكانی بازرگانانی سلێمانیان گەیاندە كونسوڵیەت سەبارەت بە ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بە بازرگانان.

سیروان محەمەد ڕایگەیاند” ئێمە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەر بازرگانێك كە بە نوسراوی فەرمی بینێرین بۆ پێدانی ڤیزا ئەوا ئەوكەسە بازرگانە و هەموو شتێكی لای ئێمە هەیە و باوەڕ پێكراوە بۆیە پێویستە لەپێدانی ڤیزا دودڵ نەبن و كاریان بۆ بكەن”

وتیشی” ووڵاتی ئێران گەورەترین بازرگانی لەگەڵ هەرێم هەیە و بەتایبەتی شاری سلێمانی كە توانیومانە لەسنورەكانەوە بازرگانان بەردەوامبن لەگەڵ كاری بازرگانی ئێراندا بۆیە هەر ڕێگری كردنێك لە پێدانی ڤیزا بە بازرگانان كاری بازرگانی لاوازدەكات”

سەرۆكی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا “گەر ووڵاتی ئێران بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ بازرگانان بكات ئەوا بازرگانان پەنا دەبەنە بەر ووڵاتی توركیا چونكە توركیا بەئاسنترین شێوە ڤیزا دەدات و هیچ كێشەیەك بۆ بازرگانان دروست ناكات.

لای خۆشیەوە جەمشید جامشیدی جێگری كونسوڵی ئێران لەسلێمانی رایگەیاند ” لەئێستادا پێدانی ڤیزامان ڕاگرتووە بە بازرگانان بە نوسراوی ژووری بازرگانی لەبەر پێداچونەوە بە بڕیارەكانماندا بەڵام لەسەر قسەی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێمە پێدانی ڤیزای 3 مانگی بە بازرگانان بە نوسراوی ژووری بازرگانی دەكەین و هیچ كێشەیەكمان نیە بەڵام بۆ ڤیزای 6 مانگی و یەك ساڵی دەبێت ئەو بازرگانە پێویستیەكی فەرمی ئەو شوێنەی پێبێت كە كاری لەگەڵ دەكات لە ووڵاتی ئێران ئەوكاتە ڤیزای درێژ خایەتی پێدەدرێت.

لای خۆشیەوە دلاوەر علی سۆفی كەریم یاداشتی ژمارەیەك لە كاركەرانی بازرگانی بچوكی دایە دەست جێگری كونسوڵی ئێران كە لەسەر مەرز كاردەكەن و داوایانكردووە كە چونەناو ئێران و هێنانی بارەكانیان كار ئاسانی زیاتریان بۆبكەن و بۆ هەر ڕۆشتن و هاتنەوەیەك مۆر لە پاسپۆرتەكانیان نەدرێت.

لەئێستادا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەهەوڵی تەواودایە بۆچارە سەركردنی كێشەی پێدانی ڤیزا بە بازرگانان.