هەرێم پەتاتە هەناردەی سعودیە دەكات

 
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەردانی كۆگایەكی پەتاتەی لەسەر ڕێگای قوشتەپە كرد، كە خاوەنەكەی بەنیازە بڕی 500 تەن پەتاتە هەناردەی وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بكات و لەوێ‌ لە پیشەسازی چپسدا بەكاربهێنرێت.



لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵدا هاتووە، خاوەنی ئەو كۆگایە لەگەڵ عەبدولستار مەجید ؛وەزیری كشتوكاڵ؛دا ئاماژەی بەوە كردووە، ساڵی ڕابردوو بڕی 100 تەن پەتاتەی بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كراوە.



لە بەرامبەریشدا  وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گەشبینی پیشان دا بە زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا جووتیاران بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوویان تێكردووە و ئەمساڵیش 140 هەزار تەن پەتاتە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە، كە پێداویستیی هەرێم بە خەڵكی ئاوارەشەوە دابین دەكات. 



خاوەنی ئەو كۆگایە، كە كار لەسەر بازرگانی پەتاتە و پێداویستییەكانی كشتوكاڵ دەكات، ڕوونیكردەوە، كە كۆمپانیاكەی خەریكی دامەزراندنی كارگەیەكە لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی چپس، كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 تەواو دەبێت.