لەماوەی 15 ڕۆژدا 10 تۆن كەرەستەی ماوەبەسەرچوو لەناو براوە

 
بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی لەناوبردنی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا ، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت دەستی گرتووە بەسەر 10 تۆن موادی خۆراكی و جوانكاری و پاكەرەوەی  ماوە بەسەرچوودا ، دواتر لەلایەن لیژنەی تەلەفەوە لەناوچەی تانجەرۆی  شاری سلێمانی لەناوبراون.

خالید محەمەد شاوێس سەرۆكی لیژنەی لەناوبردن ڕایگەیاند “لە بەرواری 1/8  بۆ  15/8/2015 لەلایەن لیژنەی هاوبەشەكانی قائیمقامیتی و ئاسایش و بەهاوكاری هاوڵاتیان لەكاتی سەردان و پشكنینی شوێنە گشتییەكان دەستیان گرتووە بەسەر 10 تۆن  موادی خراپ بوودا كە خواردن و بەكاهێنێنیان دەبووە هۆی زیان گەیاندن  بە تەندروستی هاوڵاتیان  و دواتر لەلایەن لیژنەی لەناوبردن لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان سەرجەم ئەو موادانە لەناوبراون.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەكە كەرەستە بەسەرچوەكان پێكهات بوون لە ( خواردەمەنی و جوانكاری و كەرەستەی پاكەرەوە)

هەروەها سەرۆكی لیژنەی تەلەف ووتی “بەهۆی وشیاری هاوڵاتیان و بەردەوام چاودێركردن و سەردانی كردنی لیژنەكانی قائیمقامیەت و هەست كردن بە بەرپرسیاری بەشێك لە خاوەنی كۆمپانیایەكان مانگانە بڕێكی زۆر موادی خراپ بوو بەسەرچوو لەناو دەبرێت ، زۆر جار لەلایەن كۆمپانیاكان و هاوڵاتیانەوە لەكاتی هەبوونی موادی بەسەرچوو لە كۆگاكاندا لیژنەكانی قائیمقامیەتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە بۆ ئەوەی بە ئاگاداری و چاودێری لیژنەی لەناوبردن (تەلەف) لەناوببرێت ، بۆیە بڕێكی زۆری ئەو موادانەی لەناوبراون لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا بە ئاگاداری و ڕەزامەندی خاوەنەكانیان بووە ،ئەمەش جێگەی سوپاسی لیژنەكانی قائیمقامیەت بووە .