ژووری بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی پەیوەندیەكانیان توند دەكەنەوە

بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لەشاری سلێمانیدا سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبونەوە.

كۆبونەوەی پارێزگار تایبەت بوو بەڕەوشی ئێستای بازرگانی لە شاری سلێمانی و ئەو كێشەو گرفتانەی ڕوبەڕوی بازرگانان دەبنەوە تاكو هەوڵی چارەسەركردنیان بۆ بدرێت.

د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لە كۆبونەوەكەدا ڕایگەیاند “شاری سلێمانی هەمیشە توانیویەتی شوێن دەستی خۆی لەكاری بازرگانی  و پیشەسازیدا دیاربێت بۆیە پێویستە بازرگانان و پیشەسازان كاربكەن بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی بوارەكانی بازرگانی.

لەبارەی كۆبونەوەكەوە سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەسایتی ژووری ڕاگەیاند “لەكۆبونەوەكەماندا باسمان لە كێشەی گەنجینەكانی سلێمانیكرد كە لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی دیزاینێكی تایبەتین بەناوچەكە و پاشان دروستكردنی هەروەها قسەكرا لەسەر كەموكوڕیەكانی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی ناو گەنجینەكانی گەڕەكی ڕاپەڕین و ڕێگەچارەی بۆداندرا تا كاری پێویستیان بۆبكرێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا ” لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە دەبێت لە هاوكاری كردنی هێزەكانی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان بەردەوامبین و بتوانین خزمەتێكی گەورەیان بكەین.

سیروان محەمەد ئاشكراشیكرد” لەكۆبونەوەكەدا باس لەو كێشەو گرفتانەكرا كە لە مەرزی باشماخ و پەروێزخان هەیەو هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت تا بتواندرێت بازرگانان شتومەك و پێداویستیەكانیان لەو مەرزانەوە بێت سلێمانی و ڕێڕەوی گواستەنەوەیان نەگۆڕدرێت بۆ مەرزەكانی خواروی عێراق وە لە مەرزەكانی خۆمەنەوە بێنە ناوەوە.

لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا كە لیژنەی گەشەپێدانی پیشەسازی بكەوێتەوە كاركردن كەماوەیەكە كاریان ڕاوەستاوە داوا لە ژووری بازرگانی سلێمانیش كرا كە هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو كارەو لیژنەكە بەگەڕ بخاتەوە كە پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دروستكراوە كە كاری ئەو لیژنەیە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی كاری بازرگانی و پیشەسازی بووە لە شاری سلێمانیدا.

لە ئێستاشدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كاردەكات بۆچارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی كە لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا هەیە لە شاری سلێمانیدا بەرەو پێشبردنی ڕەوشی بازرگانی.

بڕیاروایە كۆبونەوەی پارێزگار لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازاندا مانگانە بەردەوامبێت بۆ زیاتر لە نزیكەوە ئاگاداربون لەكاری بازرگانی لە شاری سلێمانیدا و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان.