203 قەوارەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن

وادەی تۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات و ژمارەی قەوارە بەشداربوەکانیش گەیشتە 203 قەوارە.
موحسین جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیای عێراقی راگەیاند، پاش ئەوەی بۆ ماوەی یەک رۆژ پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژکرایەوە، دوێنێ دوشەممە ئەو پرۆسەیە کۆتایی هات.
وتیشی: ژمارەی قەوارە سیاسییەکان کە ناویان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن تۆمارکردوە کە بڕیارە 20ی نیسانی ساڵی داهاتو ئەنجامبدرێت، گەیشتوەتە 203 قەوارە.
پێشتریش سەفا موسەوی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاماژەی  بەوەدابو، دوای تەواوبونی ئەم قۆناغە، قۆناغی تۆمارکردنی ئیئتیلافەکان دەستپێ دەکات، وتی “کۆمسیۆن لە رۆژی پێنجی مانگی داهاتوەوە، سەدان بنکە دەکاتەوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت”.