پەیمانگەی كوردستان بۆ وزە رایدەگەیەنێت لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا كۆمپانیاكانی نەوت ئەوانەی لە هەرێمدا كاردەكەن دوو هەزار كارمەندی خۆماڵییان دەركردوە.
سعوود هاشم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردستان بۆ وزە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند “لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا كۆمپانیاكانی نەوت ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كاری بەدواداگەڕان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنانیان نەوت دەكەن دوو هەزار كارمەندی خۆماڵییان رەوانەی ماڵەوە كردووەتەوە و ژمارەیەكی كەمتر كرێكاری بیانیشیان دەركردووە”.
لەبارەی هۆكارەكانی دەركردنی ئەو كارمەندانەشەوە وتی “ئێستا كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم بەهۆی ئەو كێشانەوە روویان لە كەمكردنەوە و سنوورداركردنی خەرجییەكانییان كردووە، ئەوەیش وایكردووە رێژەی 80 لەسەدی كارمەندانییان رەوانەی ماڵەوە بكەنەوە بە جیاوازی پسپۆری و پلەیان لە ناو ئەو كۆمپانیایانە، چونكە لە نێو دەركراوەكاندا كارمەندی ئاسایی و ئاسایش پارێز و تەكنیكەڵ و ئەندازیاری نەوت و پسپۆڕانی كیمیا و چەندین جۆری دی هەن”.