عێراق (100) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌دیاری ده‌داته‌ ئوردن

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا (100) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ دیاری و بێبه‌رامبه‌ر ببه‌خشێته‌ ئوردن.
عه‌لی ده‌باغ، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند: له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا بڕیاردرا (100) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ببه‌خشرێته‌ گه‌لی ئوردن وه‌ك دیاری.
هاوكات عه‌لی موسه‌وی، راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: پێشنیاری به‌خشینی نه‌وته‌كه‌ له‌لایه‌ن نوری مالیكیه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌سه‌ندكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ وه‌ك هاوكاری بدرێته‌ ئوردن به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ قورسه‌ی كه‌ ئه‌و وڵاته‌ی تێكه‌وتوه‌.
له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له‌ ئوردن دروستبوه‌ به‌رامبه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی و به‌جۆرێك به‌رێژه‌ی (10-53%) نرخی سوته‌مه‌نی به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه‌ توشی بودجه‌ی ئه‌و وڵاته‌ بوه‌ته‌وه‌.