%65 ی نەوتی یەدەگی هەرێم لە پارێزگای سلێمانیدایە

بەپێی راپۆرتێكی شیكاری (65%)ی بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە سلێمانیدایە و كە دەكاتە (28) بلۆك و لەبەرامبەردا  (34) بلۆكی نەوتی لە هەولێر و دهۆك هەیە كە دەكاتە (35%)ی كۆی یەدەگی نەوتی هەرێم.

رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان لە نوێترین راپۆرتیدا بەناونیشانی (بلۆكە نەوتییەكانی هەرێم، دابەشكاری سیاسی) كە لەلایەن دكتۆر غالب محمەد، عەلی دكتۆرا لە شیكاری نەوت و سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئامادەكراوە، بلۆكە نەوتییەكانی هەرسی پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لەناوچە دابڕێنراوەكانی جیاكردوەتەوه.

بەپێی راپۆرتەكە، سلێمانی زیاتر (65%)ی یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدایە كە دەكاتە (36) ملیار بەرمیل نەوتی جێگیر، هەروەك (28) بلۆكی نەوتی لەسنورەكەدا بونی هەیە و حەوت كۆمپانیا كاریان تێدا دەكەن.

هەرچی پارێزگای هەولێر و دهۆكیشە (34) بلۆكی نەوتیان تێدایە كە یەدەگی هەردوكیان دەكاتە زیاتر لە (20) ملیار بەرمیل نەوت كە دەكاتە (35%)ی كۆی یەدەگی نەوتی هەرێمی كوردستان”.