سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه)، عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێرانی (په‌رله‌مان) گه‌یشته بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌گه‌ڵ ئوسامه نوجێفی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له كۆبونه‌وه‌دایه.
محه‌مه‌د خالیدی، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ (سۆمه‌ریه نیوز) پشتڕاستكردوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، كه لاریجانی به یاوه‌ری حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕی باڵیۆزی ئێران له عێراق گه‌یشتوه‌ته په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ نوجێفی كۆبوه‌ته‌وه.
لاریجانی دوێنێ گه‌یشته عێراق و له پارێزگای نه‌جه‌ف هه‌ریه‌كه له عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان و محه‌مه‌د حه‌كیمی بینیوه. ئه‌و سه‌ردانه‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و گهشتهیدایه، كه هه‌ریه‌كه له وڵاتانی سوریا و توركیا و لوبنانی گرتوه‌ته‌وه.